لێبڕینی خانەنشینی

یوسف محەمەد

13 کاتژمێر پێش ئێستا

دوابەدوای سەرکەوتنی داواکەمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ژمارە (212/ فیدڕاڵی/ 2022) و، دەرچونی بڕیاری دادگا سەبارەت بە هاوتاکردنی موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و، جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموار کراو، دەسەڵاتدارانی هەرێم پاش دەستی دەستییەکی زۆر دواجار لەمانگی 7ی ساڵی رابردوەوە دەستیان کرد بەجێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی.
یەکێک لەو کێشانەی لەجێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هاتۆتەکایەوە، نەبونی سندوقی خانەنشینییە لە هەرێم، هەرچەندە بەم دواییانە بڕیاری دروست کردنی سندوقەکە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبونی ئەم سندوقە لە رابردودا، کۆی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم و بەشداریی دەوڵەت بۆ سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان دیار نییە و نازانرێ چیی لێکراوە!؟
لەم ڕۆژانە لە میدیاکانەوە بابەتی لێبڕینی خانەنشینی بە بڕی (3%)ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەموو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) وروژێنرا، گوایا لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵییە، دواتریش «نوسراوێکی وەزارەتی دارایی»ـی هەرێمم بەدەست گەیشت کە رێنمایی ئەم لێبڕینەیە و لەخوارەوە وێنەیەکی دادەنێم. 
دوای لێکۆڵینەوەی ئەم شێوازە لە لێبڕین و بەو شێوەیەی لەو نوسراوەدا هاتوە، دەردەکەوێت کە ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵکو لەسەر خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە. بەڵام ئەگەر لەسەر خواستی حکومەتی فیدڕاڵیش بێت، ئەوا داواکارییەکی ناڕەوایە و، لە ڕوی یاساییەوە هەڵەیە و لە هەمان کاتیشدا ستەمێکی گەورەیە لەفەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لەبەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:
1. ئەوە راستە کە بە جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014، پێویستە بەپێی (مادەی 17/ یەکەم)ـی یاساکە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران لە (7%)ەوە بگۆڕێت بۆ (10%)، بەڵام ئەی (7%)ەکەی کە لە پێشوتر لە موچەی فەرمانبەران بڕدراوە کوا!؟ ئەی باشە هەر بەپێی هەمان مادەو بەند ئەبێت بەشداریی خەزێنەی گشتی لە لێبڕینی خانەنشینی (15%) بێت، ئەی بۆ باس لەمە نەکراوە و ئەمەش نەکراوەتە قەرز لەسەر «حکومەتی هەرێم» و مانگانە (15%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران وەک قەرز لەسەر خۆیان هەژمار بکەن بۆ هەمو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) و بیدەنەوە!؟
2. لەو نوسراوەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئەم پارەیە لە موچەی مانگەکانی داهاتوی فەرمانبەران و خانەنشینان ئەبڕێت، ئەچێ بۆ کوێ!؟ خۆی لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەر و لە دەوڵەت کە ئەکاتە (25%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر، بەپێی یاسای خانەنشینی ئەبێت بە داهات بۆ سندوقی خانەنشینی. ئایا وەک هەمو لێبڕینی خانەنشینییەکانی پێشوی فەرمانبەرانی هەرێم ون ئەکرێت و کەس نازانێت چیی لێدێت!؟ ئایا چی ئەکەن بۆ بەستنەوەی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بە سندوقی خانەنشینیی عێراق!؟
3. باشە ئێستا کە بە (أپر رجعی) لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی ئاماژەپێدراو وەک قەرز ئەبڕن، ئەی ئایا ئەو هەمو فەرمانبەرەی لە (1/ 1/ 2014)ەوە خانەنشین بوون و شایستەی خانەنشینییەکی زیاتر بون بەپێی ئەو یاسایە، یان ئەوانەی پێش 2014 خانەنشین بون و بەپێی یاساکە دەبو لە 1/ 1/ / 2014ەوە موچەکەیان هەموار بکرێتەوە، ئایا قەرەبوی هەمو ئەو ماوەیەیان بۆ ئەکەنەوە و موچەکانی ئەو ماوەیەیان هاوتا ئەکەنەوە لەگەڵ یاساکە!؟
4. لە ڕوی یاساییەوە و بەپێی مادەی (37/ یەکەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (1)ی ساڵی 2022، بڕیارەکانی ئەو دادگایە لە رۆژی دەرچونیانەوە ئەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە. بڕیاری (212/ فیدڕاڵی/ 2022) سەبارەت بە خانەنشینانی هەرێم و پابەند کردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، لە رۆژی (23/ 11/ 2022) دەرچوە. واتە لەو بەروارەوە ئەو یاسایە بەرکارە بۆ پرسی خانەنشینی بە لێبڕینی خانەنشینی و بە موچەشەوە. واتە لەو بەروارەوە پێویستە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەر و دەوڵەت وەک یاسا بەرکارەکەی لێبکرێ و، بە هەمان شێوە لەو بەروارەوە موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم هاوتا بکرێت، نەک لێبڕینی خانەنشینی هەموار بکرێ بەڵام موچەی خانەنشینی هاوتا نەکرێت! ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێت یاسای خانەنشینیی بەرکار لە 2014ەوە بە (أپر رجعی) جێبەجێ بکەن ئەوا پێویستە هەموی جێبەجێ بکەن نەک تەنها لێبڕینی خانەنشینی!
5. هەموان ئەزانین دەسەڵاتی هەرێم لەماوەی 10 ساڵی رابردودا دەیان ملیۆن دیناری هەمو فەرمانبەران و خانەنشینان و موچەخۆرانی تری هەرێم قەرزارن. دەبو بەپێی مادەی (13) لەو یاسای «چاکسازی»یەی هەڵایەکی گەورەی بۆ کرا، «وەزارەتی دارایی»ـی هەرێم سەرجەمی ئەو پاشەکەوت و لێبڕینانە کە لە موچەدا کراون هەژماریان بکات و بیانخاتە سەر ژمارە حسابێک، بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەک موچەخۆران سودمەند بن لێی، ئەی ئەم «وەزارەتی دارایی»یە بۆ ئەم ئەرکە یاساییەی خۆی جێبەجێ نەکردوە!؟ باشە بە هۆی «پاشەکەوت»ـی زۆرەملێ و «لێبڕنەوە»ەوە موچەی هەندێک مانگی فەرمانبەران هەر نەدراوە، یانی چۆن ئەیانەوێت لێبڕینی خانەنشینی لە موچەیەک ببڕن کە هەر نەدراوە!؟ پێویستە ئەو قەرزەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە لێبڕینی خانەنشینیی ئەم سێ ساڵەی رابردوش بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم کە سەدان قاتی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێمن. 
لە کۆتایی دا جێی سەرسوڕمانێکی گەورەیە کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم بیریان لەو جیاوازیی لێبڕینی خانەنشینییەی فەرمانبەران کردەوە، بەڵام بیریان لە بەشەکەی خۆیان لەو لێبڕینە نەکردەوە یان بیریان لە هاوتاکردنەوەی موچەی خانەنشینان نەکردەوە لەو کاتەوە!؟ یان چۆن بیریان لەو هەمو موچەیە نەکردەوە کە نەیانداوە بە موچەخۆران، یان بیریان لەو هەمو لێبڕینەی تر نەکردەوە کە بەهۆی وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەوە لە فەرمانبەرانی هەرێمی دەبڕن و، هەر بە هۆی ئەمەشەوە لە کاتی خانەنشین کردنیشیان دا ستەمێکی گەورەیان لێئەکەن!؟ ئەمانە هەر لێبڕین ئەزانن، بەڵام ئامادە نین ئەرک و بەرپرسیارییەتەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. 
هەر بۆیەش ئەو نوسراوە، نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، وەگەرنا فەرمانبەران و خانەنشینان ئەتوانن لە دادگای کارگێڕی تانەی لێبدەن.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group