لە کاتێکدا حكومەتی عێراق بە ناوی قەیرانی دارایی و کەمی بودجەوە دەرگاکانی دامەزراندن و گەشەپێدانی کەرتی گشتی لە ڕووی هاووڵاتیانی خۆیدا دادەخات، لەناکاو و بە بێ هیچ پێداچوونەوەیەکی لۆژیکی، ترلیۆنەها دینار بۆ پرۆسەیەکی نوێی "بەسەربازیکردنی ئیجباری" تەرخان دەکات. ئەم دژبەیەکییە ئاشکرایە لە نێوان "هەژاریی حكومەت" بۆ خزمەتگوزاری و "دەوڵەمەندیی حكومەت " بۆ بە سەربازیکردن ، پرسیارێکی گەورە لەسەر سروشتی ئەم بڕیارانە دروست دەکات. بە سەربازیکردنی کۆمەڵگا، یەکێک لە نیشانە دیارەکانی ئەوەیە کە حكومەت بودجەیەکی زەبەلاح بۆ کڕینی چەک ونۆژەنکردنەوەی سەربازگەکان و گرێبەستە سەربازییەکان تەرخان دەکات، لە کاتێکدا کەرتی پەروەردە، تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان پشتگوێ دەخرێن. هەروەها واتە گۆڕینی نیشتمان لە "کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن و مەدەنی" بۆ "سەربازگەیەکی گەورە" کە تێیدا داهات بۆ کڕینی چەک دەڕوات و مرۆڤیش وەک کەرەستەیەکی جەنگ سەیر دەکرێت، نەک وەک هاووڵاتییەک کە مافی ژیانێکی شکۆمەندانەی هەبێت. ئایا ئەمە هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی سوپا و پاراستنی سەروەریی وڵات، یان داهێنانی ڕێگەیەکی نوێیە بۆ تاڵانکردنی سامانی گشتی و هاوبەشکردنی غەنیمەتەکان لە نێوان ئەو توێژانەی کە دەستیان بە سەرچاوە داراییەکانی عێراقدا گرتووە؟ کاتێک پەرلەمان و وەزارەتی بەرگری دەبنە گۆڕەپانی مامەڵەی ملیارەها دیناری بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سەربازگەکان، ئەوکات "سەربازی ئیجباری" چیتر پڕۆسەیەکی نەتەوەسازی نییە، بەڵکو دەبێتە پڕۆژەیەکی بازرگانیی مەترسیدار کە قوربانییەکەی گەنجانی بێکار و بەشخوراو و سوودمەندەکەی کۆمپانیاکانی سەر بە پارتە سیاسییەکانن. لێکدانەوەی ئەم دۆخە بەبێ ئاوڕدانەوە لە مێژوو ، وێنەیەکی ناتەواو دەبێت. مێژووی سەربازیی جیهان پڕە لەو نموونانەی کە تێیدا ئەو هێزانەی لەسەر بنەمای ناچاری و بودجەی زەبەلاح بنیات نراون، یەکەم قوربانییەکانی هەر قەیرانێکی ئابووری یان سیاسی بوون. سۆڤیەت، سوپاكەی سەرەڕای گەورەیی و پێشکەوتوویی تەکنەلۆژییەکەی، کاتێک ئابوورییەکەی لە ژێر باری دابینکردنی سوپایەکی زەبەلاحی ئیجباری چەقی، یەكێك بوو لەهۆكارە گرنگەكانی هەڵوەشانەوەی. بە هەمان شێوە، عێراق لە ساڵانی هەشتاکاندا خاوەنی یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی جیهان بوو. بەڵام ئەم گەورەییە لەسەر حیسابی کەرتە زیندووەکانی وەک پیشەسازیی مەدەنی و کشتوکاڵ بونیاد نرا. لەئێستای عێراقدا ، دۆخەکە تەنانەت لەوەش ئاڵۆزترە چونکە دوو جۆر لە دەسەڵات هەیە . چۆن دەکرێت باسی سوپای نیشتمانی بکرێت، لە کاتێکدا چەکی میلیشیاکان لە بازاڕ و شەقامەکاندا لە چەکی دەوڵەت دیارتر و بەهێزترن؟ گەنجان کە لە ناو ماڵەکەیدا دەبینێت هێزی ناحکومی خاوەن بڕیار و چەکە، چۆن پابەند دەبێت بە یاسایەکەوە کە تەنها بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوان دەبێت نەک بۆ پاراستنی نیشتمان؟ هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی گەنجان بۆ سەربازگەکان لە ڕێگەی یاسای سزادانی سەربازییەوە، نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو بەهێزکردنی بێباوەڕییەیە لە نێوان هاووڵاتی و دەوڵەتدا. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە،کێ سوودمەندە لەو بڕە پارە زەبەلاحەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سەربازگەکان تەرخان دەکرێت؟ کاتێک چەک بە ئاسانی دەستدەکەوێت و مامەڵەکان گرێبەستەکان و لە پشت پەردەوە دەکرێن، ڕوونە کە ئەم پرۆسەیە زیاتر لەوەی پەیوەندی بە مەشق و ڕاهێنانی گەنجانەوە هەبێت، پەیوەندی بە گرێبەستەکانی دابینکردنی خۆراک، جلوبەرگ، چەک، و کەرەستەی تەکنەلۆژییەوە هەیە کە کۆمپانیاکانی سەر بە پارتەکان بە پارەی بودجەی گشتی جێبەجێی دەکەن. بەمجۆرە، گەنجی بێکار نەک وەک پاسەوانێکی نیشتمان، بەڵکو وەک "ژمارەیەک" لە سەر کاغەز بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی دەرگایەک بۆ گەندەڵی بە ملیارەها دینار بکرێتەوە. ئەمە دروستکردنی سوپایەک نییە بۆ پاراستن، بەڵکو دروستکردنی سوپایەکی بێهیواکانە کە تەنها ئەرکیان ڕەوایەتیدانە بە خەرجکردنی پارەی گشتی بۆ بەرژەوەندی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار لەعێراق. لە نێو ئەم تابلۆ تەمومژاوییەدا، پرسیارێک بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە کە پێویستە وەڵامێکی ڕاشکاوانەی بۆ بدرێتەوە. ئایا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت ببنە بەشێک لەم پڕۆسەی بەسەربازیکردنە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان چ ئامادەکارییەکی بۆ ئەم دۆخە کردووە؟ ئایا ئەمە دەرگایەکی دیکەیە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان یان هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە دەمێنێتەوە. لە کۆتاییدا، بەسەربازیکردنی کۆمەڵگا لە عێراق تەنها دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵات لەم وڵاتەدا لەبری ئەوەی بیر لە ئایندەی نەوەکان و گەشەپێدانی ئابووری بکاتەوە، خەریکی دۆزینەوەی میکانیزمی نوێیە بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی خۆی. کاتێک "سەربازی ئیجباری" دەبێتە قەڵغانێک بۆ گەندەڵی. گەنجێك کە بە زۆر ڕادەکێشرێتە سەربازگە بۆ ئەوەی گیرفانی کۆمپانیایەک پڕبکات، هەرگیز نابێتە ئەو هێزەی کە وڵاتێك لەو هەموو مەترسییانە بپارێزێت کە لەدەوریدان. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.