لە ئۆپراسیۆنی سەربازییەوە بۆ ئۆپراسیۆنی ئابوری

هەڤاڵ عارف

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بە بنبەست گەیشتی هەوڵە دیبلۆماسیەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، قۆناغێكی دیكەی لە ململانێی نێوان هەردو وڵات هێناوەتە ئاراوە، جارێكیتر بژاردەی گەمارۆیەكی ئابوری توندی كردوەتە جێگرەوەی بژاردەی سەربازی، لە لێدوانەكانی ئەم دواییانەیدا دۆناڵد ترەمپ بە ڕونی ئاماژەی بە بێ ئومێدبونی خۆی كرد لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێراندا و جەختی لەوە كردەوە، كە ئەمجارە ئۆپەراسیۆنێكی ئابوری بێپێشینە و توند لەدژی ئەو وڵاتە بەرپادەكەن و چاوپۆشی لەهیچ مامەڵەیەكیش لەگەڵ ئێراندا ناكرێت، گوتارەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە ئەو مۆڵەتەی ئەمەریكا بۆ دەسەڵاتدارانی تارانی دیاریكردبو وەك دوایین دەرفەت بۆ  گەشتن بە ڕێكەوتێكی گشتگیر  كۆتایی هاتوە، ئەم هەنگاوەش پەیامێكی ئاشكرایە، كە سەپاندنی ئابڵوقەی توند وەك جێگرەوەی ململانێی چەكداری، بوەتە چەقی ستراتیژیی واشنتۆن بۆ گۆشەگیركردن و ئیفلیجكردنی ژێرخانی ئابوری ئێران.

ئەم گۆڕانكاریە لە سیاسەتی واشنتۆن و گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی یەكەم، دەرخەری ئەو واقیعەیە، كە  ئەمریكا لە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئاڵۆزی ئێران لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە پاشەكشەی كردوە، یان لانیكەم گەیشتوەتە ئەو قەناعەتەی كە تێچوی هەر جوڵەیەكی سەربازی زۆر لەوە قورسترە، كە پێشبینی دەكرێت بێ ئەوەی هیچ زەمانەتێكیش هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئەنجامە ستراتیژییانەی، كە واشنتۆن چاوەڕوانی دەكات، دەكرێت هەر لەبەر ئەم هۆكارەش، كۆشكی سپی دواجار ناچار بوبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئابڵوقە ئابورییەی، كە چەندین ساڵە پشتی پێ دەبەستێت و تاقیكردوەتەوە، تا لە ڕێگەی خنكاندنی ژێرخانە داراییەكان و سەپاندنی سزای قورسەوە، ئەو ئامانجانە بپێكێت، كە لە ڕێگەی بژاردەی سەربازییەوە بەدەستی نەهێنان.

هەرچەندە  لێدوانەكانی ترەمپ، كە بەسەری كاتژمێر دەگۆڕێت هیچی لەسەر بینا ناكرێت بەڵام گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەپاندنی گەمارۆی ئابوری لەم قۆناغەدا بەشێوەیەكی گشتی دەلالەتی شكستهێنانی ئەمریكایە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە رێگەی هێرشی سەربازی و بژادەی جەنگەوە لە بەرامبەریشدا، بۆتاران دەكرێت وەك دەستكەوتێكی ستراتیژی لێكبدرێتەوە، سەرباری ئەوەی ئەم سزایانە كۆمەڵگەی ئێرانییان بە هیلاكییەكی زۆر بردوە، بەڵام بۆ تاران لەئێستادا خودی پرۆسەی مانەوەكە ئەولەویەت و ستراتیژە نەك دەستكەوتی دیكە.

ئەم ئابڵۆقەیەی ئێستا ترەمپ هەڕەشەی پێدەكات و وزیری گەنجینەی ئیدارەكەی تەئكیدی لێدەكاتەوە مشتومڕی ئەوە هەڵدەگرێت، ئایا دەتوانێت ئێران بەچۆكە بهێنێت  یان گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر؟
بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم تێڕامانە، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، كۆماری ئیسلامی لە دەرەنجامی ئەزمونی دورودرێژی لەگەڵ سزاكاندا، پێشینەیەكی خۆگونجێنەری هەیە و خاوەنی تۆڕێكی ئاڵۆزە بۆ كەمكردنەوەی هەندێك لە كاریگەرییەكانی قەیران و گەمارۆكان، لەسەر ئەم بنەمایەش، چاوەڕوان دەكرێت ئۆپەراسیۆنە ئابورییە نوێیەكەی واشنتۆن، هەرچەندە توندیش بێت، ڕوبەڕوی هەمان ئەو سیستمە بەرگرییە ببێتەوە، كە تاران بە درێژایی دەیان ساڵ پەرەی پێداوە، ئەمەش ئەگەری داڕمانی خێرای ئابوری ئێران یان تەسلیمبوونی بێمەرجی ئەو وڵاتە بە فشاری ئابوری، دەخاتە دەرەوەی ئەگەرە واقیعییەكانەوە.

سەرئەنجام تێڕامانەكە لەوەدایە پێش ئەوەی واشنتۆن پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و توندكردنەوەی فشارەكان بۆ سەر تاران ببات، دۆخی گەروی هورمز وەك ڕێڕەوێكی ستراتیژیی بازرگانی و  سەقامگیریی ئەمنی و  ئابوری وڵاتانی ناوچەكە و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بارێكی تەواو جێگیردا بو، هاوكات تاران پابەندییەكی زیاتری بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن نیشان دەدا و نەرمی لە مامەڵەكانیدا دەنواند، بەڵام لە دوای گورزە سەربازییەكانی ئەمەریكا، ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شوباتی ئەمساڵ هاوكێشەكە بەتەواوی پێچەوانە بوەتەوە، ئێستا گەروی هورمز بوەتە گەورەترین قەیران و ئاستەنگێكی مەترسیداری بۆ ئابوری ناوچەكە، بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و چینیش دروست كردوە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەسەر ئاگرە و هیچ گەرەنتییەك لەبەردەم تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەكان و بەزاندنی سنوری وڵاتاندا نەماوەتەوە، لەم واقیعە نوێیەدا، ئێران نەك هەر باكی بە دانوستان نەماوە، بەڵكو منەت و  ترسی لە فراوانبوونی جەنگیش نیە لە كاتێكدا وڵاتانی ناوچەكە لە دۆخێكدان،  نە سەقامگیری ئابوریان هیچ زەمانەتێكی هەیە، نە سیادەو سەروەرییان،  لەگەڵ ئـەمانەشدا واشنتۆن، كە بە گورزی سەربازی هیچ ئامانجێكی نەپێكا، دەیەوێت دوبارە بگەڕێتەوە بۆ بژاردەی توندكردنەوەی ئابڵوقەكان، كەواتە حیكمەتی ئەم جەنگە لە چیدا بــو؟  ئایا ئەمە دەرەنجامی شكستی سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمریكا و هەنگاوە تاكڕەوییەكانی ترەمپ نییە لە ئاست ئەو ئەزمونە  كەڵەكەبوەی تاراندا، كە لەنێو یاریكردن بەكات و قەیرانەكاندا گەشەی كردوە؟ یان كۆدی ئاڵۆزتر و رەهەندی قوڵتر لەپشتەوەی ئەم بژاردە گۆڕینانەی واشنتۆن خۆی حەشارداوە؟ ئەم پرسیارانەش تەنها پێشهاتەكانی داهاتو پەردەی لەسەر لادەدەن.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group