هاتووچۆ هۆشداری دەداتە شۆفێران

08/01/2019

 

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هۆشداریدایە شۆفێران و رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی روو لە ناوچەكانی هەرێم و سەنتەری شارەكان دەكات، پێویستە شۆفێران پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بن و بە وریاییەوە شۆفێری بكەن.
هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكرێت بارستە هەوایەكی سارد و شەپۆلێكی بەفر و باران روو لەناوچەكانی هەرێم بكات و بەفربارینەكە سەنتەری شارەكانیش دەگرێتەوە، بۆیە شۆفێران ئاگادار دەكەینەوە كەوا خۆیان و ئۆتۆمبێلەكانیان بۆئەم كەشە ئامادەبكەن و ‌پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن بۆ سەلامەتیان.
١-تیژڕەویی نەكردن و ‌لێخورین بە خیراییەك كە ‌كەمتر بێت لەوەی كە بەهێماكانی هاتووچۆ دیاریكراوە.
٢-بەهۆی كەمبوونەوەی ئاست و مەودای بینین سەرچاوەی مەترسییەكان زوو نابینرێن بۆیە باشترە‌ جگە لە تیژڕەویی نەكردن‌، شوفێران ئاستی تەركیزیان بەرز بێت و خۆیان خەریك نەكەن بەشتێكی تر جگە له ‌شۆفێرییەكە.
٣-لەكاتی چوون و گەشت بۆ ناوچە شاخاوییەكان پێویستە زنجیر لە ‌تایەكانیان بدەن و لەناوەندی شەقامەكان دەرنەچن و نەچنە سەر شۆڵدەرەكان تەنانەت بۆ وێنەگرتنیش.
٤-لەكاتی دروستبوونی شەختە و بەستەڵەك دەبێت خێراییەكان لەنێوان ٣٠ بۆ ٥٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بێت.
٥-باشترە جگە لە كاتی پێویست سەفەری ناوچە شاخاوییەكان نەكرێت تاوەكو كەشەكە ئاسایی دەبێتەوە.
٦-پێش دەرچوون و گەشت كردن بە ئۆتۆمبێلەكان تەنانەت بۆ مەودا نزیكەكانیش پێویستە شۆفێران لەباشی كاركردنی سیستمی پاككردنەوە و فڵچەی جامی ئۆتۆمبێلەكانیان دڵنیابن.
٧-لەكاتی بەفربارین و تەمدا پێویستە گڵۆپی تەم دابگیرسێنن تەنانەت لەكاتی رۆژیشدا چونكە چەند گرنگە ببینیت ئەوەندەش گرنگە بینراو بیت.
پێشتر بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردبووەوە، بەپێی پێشبینییەكان، شەوی سێ شەممە بارستە هەوایەكی سارد ڕوو لە ناوچەكانی هەرێم دەكات و جگە لە ناوچە شاخاوییەكان لە سەنتەری پارێزگاكانیش بەفربارین دەبێت، زۆرترین ڕێژەی بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای دهۆك دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group