سعوودیە نامەیەكی بەپەلە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات

15/05/2019 جیهان
ئاڵای سعوودیە

نەوا
حكومەتی ریاز بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی وڵاتەكەی دەخاتە ئەستۆی ئێران و حووسییەكان و لەنامەیەكیشدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات، كە بەپەلە رێوشوێنی پێویست لەبەرامبەر ئەو كردە تێكدەرانەی ئەم دواییەی ناوچەی كەنداو هەنگاوی پێویست هەڵبگرن.
بەپێی كەناڵی ئاسمانی ئەلعەرەبییە، نامەكەى عەبدوڵلا بن یەحیا موعەلیمی نوێنەری هەمیشەیی سعوودیە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە.
لە نامەكەدا، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی كە رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو كرانە سەر دوو دامەزراوەی نەوتی سعوودیە، خراوەتە سەر ئەستۆی ئێران و میلیشیا حووسییەكان.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، نامەیەكی دیكە بە هاوبەشی لەلایەن سعوودیە و ئیمارات لە بارەی ئەو هێرشە تێكدەرانەی كە چەند رۆژێك لەمەوبەر كرانە سەر چوار كەشتی لە نزیك ئاوی هەرێمی لە ئیمارات پێشكەش بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، دراوە.
رۆژی سێشەممە 14ی ئایار بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكرایە سەر دوو دامەزراوەی نەوت لە سعوودیە.
هەر هەمان رۆژ كەناڵی مەسیرەی سەربە حووسییەكان بڵاویكردەوە، كە حەوت فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیانكردووەتە سەر ژمارەیەك دامەزراوەی نەوت لە سعوودیە.
رۆژی یەكشەممەی رابردووش لە نزیك كەناراوەكانی ئیمارات، هێرشی تێكدەرانە كرانە سەر چوار كەشتی كە دووانیان نەوت هەڵگری سعوودی بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group