پەرلەمانتارێكی پێشوی عیراق: گڵۆپی سەوز بۆ كورد هەڵكرا

15/07/2019 عێراق

نەوا
جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاری پێشووی عیراق لەسەر پشكی توركمانەكان دەڵێت "حكومەتی عیراق گڵۆپی سەوزی بۆ كوردەكان هەڵكردوە بۆئەوەی كۆنترۆڵی كەركوك بكەن".
جاسم محەمەد جەعفەر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "ترس هەیە لە گەڕانەوەی ئاسایش و پێشمەرگە و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە و داهاتی كەركوك لەلایەن كوردەوە و پەراوێزخستنی پێكهاتەكانی دیكە".
وتیشی "دەیان داواكاری دراوەتە سەرۆك وەزیران و دەیان لێدوان دراوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی كەركوك، دەستپێشخەری هەرێمی كوردستانیش بۆ دیاریكردنی پارێزگار دەستپێشخەرییەكی یەك لایەنەیە، چونكە كەركوك سەربە بەغدایە نەك هەرێمی كوردستان".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو رونیكردوەتەوە، سەرۆك وەزیران گرنگی پێویست نادات بە چارەسەركردنی كێشەی ئیداری و ناوخۆیی كەركوك، پیلانگێڕیە گەورەكە لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوكە، كە ئەو بابەتە دەكرێت چارەسەر بكرێت بە رێككەوتنی نێوان پێكهاتەكان، ئێستاش كەركوكییەكان دەترسن بارودۆخەكە بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و ئاسایش و پێشمەرگە بگەڕێنەوە و كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی داهات بكەن، هەروەك كۆنترۆڵی كورد بەسەر سەرجەم دامەزراوەكاندا بسەپێنرێت و پێكهاتەكانی دیكە پەراوێزبخەن.
ئەو سەركردە توركمانیە پێیوایە، بێدەنگی حكومەت لەوەی روودەدات هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆ كوردەكان بۆئەوەی كۆنترۆڵی كەركوك بكەنەوە و سەرۆك وەزیرانیش تێوەگلاوە و هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ چارەسەری كێشەكە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group