ئەرجەنتین حزبوڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە

18/07/2019 جیهان

نەوا
لەیادی 25 ساڵەی دوو هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر رەوەندی جولەكە نشینەكانی وڵاتەكەیان، دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین بڕیاریاندا، حزبوڵای لوبنان بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
دەركردنی بڕیاری حزبوڵای لوبنانی لەناو لیستی تیرۆر لەو وڵاتە، هاوكاتە لەگەڵ یادكردنەوەی 25 ساڵەی هێرشە خوێناوییەكەی سەر رەوەندی جولەكەكان لە شاری بۆینس ئایریسی پایتەختی ئەرجەنتین كە تیایدا 85 كەس كوژران.
ساڵی 1994 لە دوو هێرشی تیرۆریستیدا بۆسەر ناوەندێكی میللی رەوەندی جولەكە نشینەكانی ئەرجەنتین لە بۆینس ئایریس، زیاد لە 85 كەس كوژران و نویكەی 330 كەسیش بەسەختی برینداربوون.
لەوبارەیەوە لەراگەیەندراوێكدا كە رۆژی پێنج شەممە حكومەتی بۆینس ئایریس بڵاویكردۆتەوە، تیایدا حزبوڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە.
هەر لەو راگەیەندراوەیدا حكومەتی ئەرجەنتین لۆمەی حزبوڵای لوبنان و ئێران دەكات، كە لەپشت ئەنجامدانی ئەو هێرشە خوێناویەوە بوون، هاوكات هەردولا رەتیدەكەنەوە دەستیان هەبوبێت لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.
هاوكات بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئەرجەنتین، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەشدارە لە مەراسیمی یادكردنەوەی قوربانیانی رووداوە تیرۆریستییەكەی بۆینس ئایریس.
بەپێی بەڵگەكان كەلەبەردەم حكومەتی ئەرجەنتیندایە، 6 تۆمەتباری بەرەگەز ئێرانی لە لیستی داواكراوانی ئاژانسی ئینتەرپوڵ-دان، كە گومانی سەرەكیان لێدەكرێت لەپشت ئەنجامدانی ئەو كارە تیرۆریستییەوە بووبون.
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، مۆریسیۆ راكری سەرۆكی ئێستای ئەرجەنتین هاتە سەر حوكم، دەستبەجێ‌ بڕیاری دەركردن و دوورخستنەوەی تیمە ئێرانیەكانی دەركرد، كە پێشتر بڕیاردرابوو هەریەك لە تیمە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی تاران و بۆینس ئایریس بەهاوبەشی لێكۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی رووداوەكە بكەن.
پێویستە بوترێت بەپێی داتا و زانیارییەكانی كۆنگرێسی جیهانی جولەكەكان، نزیكەی 230 هەزار جولەكە لە ئەرجەنتین دەژین، كە بە گەورەترین رەوەندی جولەكەكان دادەنرێت لە ئەمریكای لاتین.

شوێنی هێرشەكان بۆ سەرناوەندە میلیەكەی رەوەندی جولەكەكان لە بۆینس ئایریس 1994

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group