موسڵ...گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ كەمپەكان لە زیادبوندایە

پێش 1 هەفتە عێراق

نەوا
لە پارێزگای نەینەواوە رۆژانە نزیكەی 10 خێزان ماڵەكانی خۆیان جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ كەمپ، ئەو ژمارەیەش دوو هێندە لە پێشوو زیاترە، كە بەوتەی لێپرسراوان پەیوەندی هەیە بە نەبونی خزمەتگوزاری و روداوە جیاوازەكانەوە.
كەمپی ئاوارەكانی خەڵكی نەینەوا، چەندین ساڵە جمەی دێت لە خەڵك و بەردەوامیش خێزانی نوێی بۆ زیاد دەبێت، هەرچەندە نزیكەی دوو ساڵە ناوچەكانیان لەژێر دەستی داعش كۆنتڕۆڵكراوەتەوە.
رەشید دەروێش لێپرسراوی گشتی كەمپەكانی حەسەن شام و خازر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، "پێش روداوەكانی ئەمدواییەی نەینەوا رۆژانە چوار بۆ پێنج خێزان لە زێدی خۆیانەوە دووبارە ئاوارەی كەمپەكانی سنوری هەولێر دەبونەوە، بەڵام لە رۆژانی رابردودا رێژەكە بۆ 10 خێزان لە یەك رۆژدا بەرزبۆتەوە".
شاری موسڵ و زۆربەی ناوچەكانی نەینەوا، هێشتا رۆژانە رووداوی جیاوازی ئەمنیان تێدا تۆمار دەكرێت سەرباری نەمانی داعش، جگە لە ناكۆكییە سیاسییەكان بەتایبەت لە دۆسیەی ئەمنی سنورەكەدا كە هەفتەی رابردوو خۆپیشاندان و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەو لێپرسراوەی كەمپەكانی حەسەن شام و خازر دەشڵێت: "دوبارە ئاوارەبونەوەی خەڵك لەكاتێكدایە، رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكان‌ بۆ ناوچەكانی خۆیان زۆر كەمبۆتەوە، بەشێوەیەك لە رۆژێكدا یەك تا دوو خێزان دەگەڕێنەوە".
كەمپەكانی خازر، حەسن شام یەك و دوو دەكەونە سنوری كارگێڕی پارێزگای هەولێر، زیاتر لە چوار هەزار خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە كە خەڵكی موسڵ، ئەنبار، بەعاج، تەلەعفەر و چەند ناوچەیەكی دیكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group