هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە

09/10/2019 جیهان

نەوا
دوابەدوای هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردیەكانی باكوری سوریا هەر یەك لە فەرەنسا و بەریتانیا داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەن و یەكێتی ئەوروپاش وێڕای ئیدانەكردنی ئەو هێرشانە داواكارە ئەنقەرە كۆتایی بە هێرشەكانی بهێنێت.
رۆژی چوارشەممە دوو رۆژ دوای ئەوەی ئەمریكا كشانەوەی هێزەكانی لە باكوری سوریا راگەیاند، توركیا و گروپە سوریە هاوپەیمانەكانی پەلامارەكانیان بۆ سەر ناوچە كوردیەكانی باكوری سوریا دەستپێكرد.
سەبارەت بەو پەلامارانە فەرەنسا و بەریتانیا وەك دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەو ئەنجومەنیان كرد.
هەروەها یان كڵاود یانكەر سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە: "داوا لە توركیا و لایەنەكانی دیكە دەكەم دان بەخۆدا بگرن و كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكان بهێنن."
یانكەر رونیشیكردوەتەوە كە یەكێتیی ئەوروپا هیچ بڕە پارەیەك نادات بۆ پێكهێنانی ناوچەی ئارام لە سوریا. 
لە لایەكی ترەوە لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر هێرشەكەی توركیا رایگەیاندوە: "لەڕێی كۆنگرێسەوە هەوڵدەدەم ئەردۆغان باجێكی قورس بدات."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group