وەزارەتی ناوخۆی عێراق كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای پۆلیسی راگەیاند

22/10/2019 عێراق

نەوا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە هێرشێكی داعشدا لە ناوچەیەكی نێوان دیالە و سەڵاحەدین فەرماندەی فرقەی چواری پۆلیس كوژراوە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەكردووە، لیوا عەلی لامی فەرماندەی فیرقەی چواری پۆلیس لە ناوچەی مەتیبیجەی نێوان هەردوو پارێزگای دیالە و سەڵاحەیدین كوژراوە.
رونیشیكردۆتەوە، كوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی پۆلیس لە ئەنجامی هێرشێكی چەكدارانی داعشدا بووە، هەروەك ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی هێرشەكەوە چوار سەربازی تر كوژراون و سێ سەربازیش برینداربوون.
گەرچی دوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی كۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە عێراق تێپەڕ دەبێت، بەڵام بە درێژایی ئەو ماوەیە چەكدارانی ئەو رێكخراوە لە چەند پارێزگایەك لەوانە دیالە، سەڵاحەدین ، ئەنبار، كەركوك و نەینەوا چەندین هێرشیان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنیەكان ئەنجام داوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group