زیاتر لە پێنج كەس بۆ شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی رەتدەكرێنەوە

09/11/2019 عێراق

نەوا
ماڵپەڕی سۆمەریە نیوز بە پشت بەستن بە رۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرایكردوە، تائێستا زیاتر لە پێنج كەس بۆ شوێنگرەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشنیاركراون، بەڵام هەمویان رەتكراونەتەوە.
رۆژنامەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە و تائێستا زیاتر لە 5 ناو بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت و شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی پێشنیاركراون، بەڵام فراكسیۆنە سیاسییەكان لەسەر هیچیان رازی نەبون.
رونیشكراوەتەوە، بیانوی ئەو فراكسیۆنانە ئەوەبوە، كە ئەو كەسانە لەلایەن شەقامەوە قبوڵكراو نین و تێبینی حزبی و كەسایەتییان لەسەرە.
بەرپرسێكی عیراقیش تەئكیدیكردوەتەوە، تائێستا هیچ شوێنگرەوەیەك بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران نییە، هەر قسەیەك جگە لەوە راست نییە.
هەروەها ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە هەندێك لە فراكسیۆنەكان لە هەڵوێستەكانیان پاشگەزبونەتەوە و ئەگەری هەیە دەرفەتێكی دیكە بدرێت بە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی چاكسازیەكان و بەڵێنەكانی بەخۆپیشاندەران، لەوانەیە ماوەكە 6 مانگ بێت یان تا ناوەڕاستی ساڵی 2020 بخایەنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group