موجاهدینی خەلق: لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا 251 كەس كوژراون

23/11/2019 جیهان

نەوا
ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەڵێت، لە خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی وڵاتەكە زیاتر لە 250 كەس كوژراون و 3 هەزار و 500 كەسیش بریندار بوون.
لەوبارەیەوە رێكخراوی موجاهدینی خەلق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە ئاشكرایكرد، لە چەند رۆژی رابردوودا لە 165 شار و ناوچەی ئێران خۆپیشاندان ئەنجامدراوە.
موجاهدینی خەلق دەڵێت "رژێمی ئێران هەموو هێزە سەركوتكەرەكانی دژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە، بە سوپای پاسداران و بەسیج و هێزەكانی پۆلیسەوە، جگە لە بەكارهێنانی دەبابە و هەلیكۆپتەر".
بەپێی داتاكانی موجاهدینی خەلق، لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا 251 كەس كوژراون، زیاتر لە 3 هەزار و 500 كەس بریندار بوون، نزیكەی 7 هەزار كەسیش دەستگیركراون.
رێكخراوی موجاهدینی خەلق داواشی لە یەكێتیی ئەوروپا كرد دەستبەرداری سیاسەتی رازیكردن بێت بەرامبەر بە ئێران، بەو پێیەی "ئەو سیاسەتكردنە ئەنجامی پێچەوانەی لەگەڵ رژێمی ئێران دەبێت".
لە چەند رۆژی رابردوودا، دژی بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و نارەزایەتی لە ئێران سەریهەڵدا، بەهۆی بڕینی هێڵەكانی ئینتەرنێت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ میدیا و پێنەدانی زانیاری، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەكان بەردەست نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group