سكرتێری پارتێكی ئۆپۆزسیۆن: راپەڕین لە ئێران دەستپێدەكاتەوە

09/12/2019 جیهان

نەوا
سكرتێری پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پێشبینی دەكات خۆپیشاندانەكان لە وڵاتەكە بەشێوەی راپەڕین سەرهەڵبداتەوە، جگە لە هۆكارە ئابورییەكان، هۆكاری سیاسیش پاڵنەری خۆپیشاندانەكان دەبێت.
عەباس خورسەندی سكرتێری پارتی (بەرەی دیموكراتی)ی ئێرانی، كە لە دەرەوەی وڵات چالاكی دەكات، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی كەناڵی عەرەبیە رایگەیاند، هۆكاری خۆپیشاندانەكانی رابردووی ئێران زۆرن، لەوانە، ژیانێكی رۆژانەی باشتر و ئازادی.
وتیشی "ئەوانەی لە ناڕەزایەتییەكاندا بەشداریی دەكەن، چینی هەژار و مامناوەندن، بەتایبەت چینە هەژارەكە، كە بەپێی ئامارەكانی حكومەت نزیكەی 70%ی خەڵكی ئێران پێكدەهێنن، بۆیە ئەگەر چینە مامناوەندەكەش بەردەوام نەبێت لە ناڕەزایەتی، چینە هەژارەكە هەر بەردەوام دەبێت لە خۆپیشاندان ".
سكرتێرەكەی ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنەی ئێران پێشبینیی كرد ناڕەزایەتیی چینە هەژارەكەی ئێران دەستپێبكاتەوە و راپەڕین بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و ژیانێكی باشتر بەرپابكەن.
ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆن دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئابوری رۆڵی گەورەی هەبووە لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان، بەڵام هەڵسوكەوتی رژێمی ئێران هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی ئەو ناڕەزایەتییانەیە، ئەمە جگە لە نەبوونی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group