په‌رله‌مانتارێكی عیراق ئه‌و روبه‌ره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراده‌كات كه‌ توركیا داگیری كردوه‌

14/07/2020 عێراق

نه‌وا
محه‌مه‌ ره‌زا ئال حه‌یده‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگریى په‌رله‌مانى عیراق ده‌ڵێت "پێویسته‌ به‌رپه‌رچى ده‌ستدرێژییه‌كانى توركیا بۆسه‌ر خاكى عیراق بدرێته‌وه‌". ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات توركیا 15 كیلۆمه‌ترى له‌ قوڵایی خاكى هه‌رێمی كوردستان داگیركردوه‌.
محه‌مه‌ ره‌زا ئال حه‌یده‌ر له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وتویه‌تی "عیراق هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ره‌تده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕه‌وى بكاته‌سه‌ر سه‌روه‌ریى خاكه‌كه‌ى و بۆردومان ئه‌نجامبدات، توركیاش پشت به‌ رێككه‌وتنێكى پێشو ده‌به‌ستێت، كه‌ رێگه‌ى داوه‌ پێنج بۆ حه‌وت كیلۆمه‌تر بێته‌ ناو خاكى عیراقه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا 15 كیلۆمه‌تر هاتوه‌".
هه‌روه‌ها جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی عیراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ گروپێكى چه‌كدارى له‌ خاكه‌كه‌یدا هه‌بێت و هێرش بكاته‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێكى دراوسێ، هه‌روه‌ك ئیدانه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ده‌كات هێرش بكاته‌سه‌ر سه‌روه‌ریى خاكه‌كه‌ى.
پێشتریش ئه‌حمه‌د سه‌حاف وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عیراق ئاماژه‌ى به‌وه‌دابو، حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكیان ناوه‌ بۆئه‌وه‌ى توركیا كۆتایى به‌ پرۆسه‌ سه‌ربازیه‌كانى له‌ناو خاكی عیراقدا بهێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group