كوڕەكەی رۆناڵدۆ هەرای نایەوە

14/07/2020 وەرزش

نەوا
دوای ئەوەی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا "كریستیانۆ جونیۆر" كوڕە 10 ساڵانەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی تۆپی پێ بە تەنها ماتۆڕێكی ئاوی "جێت سكی" لێدەخوڕێت، پۆلیسی پورتوگالی دەستی بە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە كردوە.
رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، خوشكێكی رۆناڵدۆ لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئینستاگرام" گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا كریستیانۆ جونیۆر دەردەكەوێت بە تەنها ماتۆڕێكی ئاوی لێدەخوڕێت.
رونیشكراوەتەوە، روداوەكە لە یەكێك لە كەنارە ئاویەكانی دورگەی مادێرایە و هەرچەند خوشكەكەی رۆناڵدۆ دواتر گرتە ڤیدیۆییەكەی سڕیوەتەوە، بەڵام پۆلیسی پورتوگالی دەستیكردوە بە لێكۆڵینەوە.
لای خۆیشیەوە "گیریرۆ كاردۆسۆ" بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاوی لە پورتوگال ئاماژەی بەوەداوە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و كوڕەكەی كریستیانۆ یاسای لێخوڕینی ماتۆڕی ئاوی پێشێلكردوە، چونكە ئەو ئامێرە دەبێت تەنها لەلایەن پێگەیشتوانەوە لێبخوڕێت، چاوەڕێی ئەوەین بزانین ئایا سزای دارایی یان سزای دیكە دەسەپێنرێت یاخود نا.
بەپێی رۆژنامەكە، یاسای لێخوڕینی ماتۆڕی ئاوی ئەوەیە، كە هەركەس بەبێ‌ بونی مۆڵەتی رێگەپێدان لێیبخوڕێت ئەوا بەبڕی 268 بۆ دوو هەزار و 688 پاوەند سزای دارایی دەدرێت، ئەگەر گروپێك بن و لە یەك كەس زیاتربن ئەوا سزاكە دەگاتە 10 هەزار پاوەند.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group