سوپای نیشتمانیی لیبیا كوشتنی سەركردەیەكی كوردی داعش رادەگەیەنێت

24/09/2020 جیهان

نەوا
لیوا ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا ئاشكرایكرد، سەركردەیەكی گەورەی رێكخراوی داعش لە باكوری ئەفریقا بەناوی ئەبو معاز عیراقی لە پرۆسەیەكی سەربازی لە شاری"سەبها" لە باشوری لیبیا كوژراوە، كە كوردە و چۆتە ئەو وڵاتە.
لیوا ئەحمەد مسماری لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، شانەیەكی رێكخراوی داعش لە شاری "سەبها" لەناوبراون، كە بەرپرسێكی رێكخراوەكەی تێدابوە بەناوی "ئەبو عەبدوڵڵا موعاز عیراقی" و ئەركی سەركردایەتیكردنی رێكخراوەكە بوە لە باكوری ئەفریقا.
هەروەها رونیكردوەتەوە، ناوبراو لەگەڵ بەرپرسێكی دیكەی داعش بەناوی عەبدولعەزیز ئەنباری لە ساڵی 2014 لە رێگەی توركیاوە بە پاسپۆرتی ساختە چونەتە لیبیا. دەشڵێت "لەوكاتەدا عەبدولعەزیز ئەنباری كرابو بە ئەمیری رێكخراوەكە لە لیبیا و ئەبو عەبدوڵڵاش یاریدەدەری بوو، كە راستەوخۆ لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادیەوە نێردرابون".
وتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا، كە لەلایەن خەلیفە حەفتەرەوە سەركردایەتی دەكرێت، ئەوەی ئاشكراكردوە، دوای كوژرانی عەبدولعەزیز ئەنباری لەلایەن سوپای لیبیاوە لەساڵی 2015، ئەبو عەبدوڵڵا موعاز عیراقی كراوە بە شوێنگرەوەی، دوای لێكۆڵینەوەش دەركەوتوە ناوی تەواوی "عەبدوڵڵا ئەلرەبعی"یە و كوردی عیراق بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group