لەبارەی پلانی لابردنی سێ سفری سەر دیناری عێراقی روونكردنەوە دەدرێت

21/06/2021 عێراق

نەوا-
راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی و ئابوری ئاشكرایكرد لە پلانیاندایە سێ سفری سەر دینار لاببەن، دوو مەرجیشی بۆ ئەو هەنگاوە داناوە.
مەزهەر ساڵح راوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی و ئابوری  رایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق، پلانی لابردنی سێ سفری دراوی عێراقی بۆ چاكسازی لە سیستمی پێدانی پارەی نەقدی داناوە، كە بە قسەی ئەوان ''بووەتە بارگرانی ئابوری و لە ساڵانی نەوەدەكانەوە دا سەپێنراوە."
باسی لەوەشكردووە، ئەم پلانەش بەشێكە ستراتیجیەتی چاكسازی لە سیستمی دراو و پارەدانی نەقدی لە وڵاتدا.
لەبارەی مەرجەكانیشەوە رایگەیاندووە، یەكەم ئەوەیە پێویستە سەقامگیری نرخ و گەشەی ئابوری جیهان بێتەدی، جێگیری ژیانی سیاسی وڵاتیش مەرجی دووەمە.
راشیگەیاندووە، دوای بەدیهێنانی مەرجەكان دەتوانرێت سفری دراوی عێراقی لابدرێت و بچوكبكرێتەوە، لەو كاتەشدا مامەڵەكردن بەدینارەوە ئاسانتردەبێت بەجۆرێك یەك دیناری نوێ یەكسان بێت بە هەزار دینار و 10 دیناریش یەكسان بێت بە 10 هەزار.
پڕۆژەی لابردنی سفرەكان لەسەر دراوی عێراقی بڕیاربوو لەساڵی 2014 دا جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی ئەمنییەوە پڕۆژەكە دواخرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group