چین قۆناغی دووەمی لێكۆڵینەوەكان لە هۆكاری دەركەوتنی كۆرۆنا رەتدەكاتەوە

22/07/2021 جیهان

نەوا
حكومەتی چین پێشنیازێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی لێكۆڵینەوەكان لە هۆكاری دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا رەتدەكاتەوە.
سینگ یی شین جێگری سەرۆكی لیژنەی حكومی بۆ تەندروستی چین ئاماژەی بەوەداوە، پەكین بەو پێشنیازە رازی نابێت كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی كردوویەتی بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی لێكۆڵینەوەكان.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو پلانەی رێكخراوەكە پێشنیازی كردووە رێزی زانست و تێگەیشتنێكی دروست ناگرێت، پەكین رێزی لێكۆڵینەوە زانستییەكان دەگرێت، بەڵام بە سیاسی كردنی لێكۆڵینەوەكان رەتدەكاتەوە، پێویستە قۆناغی دووەمی لێكۆڵینەوەكان پشت بە ئەنجامی قۆناغی یەكەم ببەستێت.
پێشتر رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیازی ئەوەی كرد، قۆناغی دووەمی لێكۆڵینەوەكان بۆ ئاشكرا كردنی سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە چین دەركەوت دەست پێ‌ بكات و لەو قۆناغەشدا پێداچوونەوە بە تاقیگەكان و بازاڕی ووهان بكرێت و داواشی لە دەسەڵاتدارانی چین كرد كە شەفاف بن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group