کازمی هۆشداری لە مامەڵەکردنی نایاساییانە لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدات

14/10/2021 عێراق

نه‌وا
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی وەزیران رایگه‌یاند، بەڵێنەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بردەسەر بەبێ ئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی و یاسایی هەبێت، هاوكات هۆشداریش لە مامەڵەکردنی نایاساییانە لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدات.

 له‌ كۆبونه‌وه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14/7/2021ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی هه‌روه‌ها راشیگەیاندوه‌، ئەوە یەکەم هەڵبژاردنە لە عێراق ئەنجامبدرێت بەبێ ئەوەی قەدەغەی هاتووچۆی تێدا رابگەیه‌نرێت و بەبێ ئەوەی سەرۆک وەزیران وەکو كاندید بەشداریی تێدا بکات.
کازمی هۆكاری بەشدارینەکردنی خۆیشی بۆ ئه‌وه‌ گراندۆته‌وه‌، كه‌ "بێگەردی و متمانە بە هەڵبژاردن ببەخشرێت و هه‌ڵبژاردن دووربخەینەوە لە هەر ئەگەرێکی گوشاری سیاسی".
 بەگوێرەی راگەیه‌نراوی حکومەتی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سه‌رۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە قۆناغی دوای هەڵبژاردن جه‌ختیكردۆته‌وه‌"پێویستە وەکو گەل و هێزە سیاسییەکان و حکومەت یەکڕیز و هاوئاهەنگ بین و هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی بە شێوەیەکی کردەیی وەربگێڕین، دوور لە بەڵێن و دروشمەکان، بەڵکو بە کاری جیددی، بۆئەوەی ئەو هەڵانەی لە ئەزموونەکانمانەوە فێریان بووین راستیان بکەینەوە و پلان بۆ داهاتوویەک دابنێین کە گونجاوی گەلێک بێت پەنجەمۆری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە".
کازمی باسی لەوەش کردووە، "هەڵبژاردن بێ هیچ دەستوەردان و گوشاری حکومی ئەنجامدرا، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم وڵاتانی دیکەی بە عێراق تۆکمەتر کرد".
 سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی براوەکانی هەڵبژاردن کردووە و وتویه‌تی "لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕاو نییە، هەمووان براوەن، چونکە رکابەرایەتی لەپێناو عێراق بووە".
مستەفا کازمی لەبارەی تانەکانیش دووپاتیكردۆته‌وه‌، هەر لایەن یان کەسێک دەتوانێت تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات و پێویستە کۆمیسیۆن بەدواداچوون بۆ هەموو تانەکان بە جیددی بکات و هۆشداریشی داوە لە هەر دەرچوونێک لە رێوشوێنە یاساییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
ناوبراو داواشی لە سەرجەم لایەنە براوەکان کردووە، پێکەوە و بە گیانێکی نیشتمانییانەی بەرز، کار بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت بکەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group