نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزەی بەغدای كردوەو ئەمینداری گشتی ئۆپێك و شاندە عەرەبی و بیانییە تایبەتمەندەكان لە كەرتی وزە ئامادەیبون.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزەی بەغدا جەختی لەوە كردەوە كە كۆڕبەندەكە دەرفەتێكە بۆ دوپاتكردنەوەی پشتیوانی حكومەت و وەرگرتنی چەمكە دیجیتاڵییەكان لە بەڕێوەبردنی وزەداو وەرگرتنی تەكنەلۆژیای مۆدێرن و زیرەكی دەستكردو بە ئۆتۆماتیكیكردن، هەروەها تیشك دەخاتە سەر گرنگی خۆی لە ئاڵوگۆڕی دیدگاكان و پێداچونەوە بە پێشهاتە دیجیتاڵییەكان و لەگەڵ گەشەسەندنی ناوچە نوێیەكانی بەرهەمهێنانی وزە و خێرایی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان.
سودانی ئەوەشی خستۆتەڕو، یەدەگی نەوتی عیراق دەگاتە 150 ملیار بەرمیل نەوت و هەروەها توانای ئەوەش هەیە كە نەوتی عیراق 120 ساڵ بەردەوامبێت لە دابەشكردن و پشكداركردنی بازاڕە جیهانییەكان، ئەمەش پابەندبونی عیراق بەهێزتر دەكات بۆ پاراستنی هاوسەنگییەكی دادپەروەرانە لە نێوان مافی بەرهەمهێنەران و بەكاربەران.