ئێران پۆلیسی رەوشتی هەڵوەشاندەوە

04/12/2022 جیهان

نەوا
محەمەد جەعفەر مونتەزری داواكاری گشتی ئێران ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی لەدوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینییەوە دروست بووە، "پۆلیسی رەوشت" هەڵوەشێنرایەوە.
مونتەزری رایگەیاندووە، بەهۆی خۆپیشاندانەكان و ناڕەزایی هاوڵاتیانەوە "پۆلیسی رەوشت" یاخود ئەوەی كە پێی دەوترێت "دەوریەی رێنمایی كردن" داخرا، ئەوەش بەبڕیاری ئەو لایەنەی كە دایمەزراندووە نەك بە بڕیاری دادگا.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو بەشە پەیوەندی بە لایەنی دادوەرییەوە نییە بۆیە لەو شوێنەی دامەزرێنرا داشخرا، بەڵام بە دڵنیاییەوە لایەنی دادوەریی بەردەوام دەبێت لە چاودێری كردنی هەڵسوكەوت و رەوشت لەسەر ئاستی كۆمەڵگا.
لەدوای گیانلەدەستدانی كچێكی كورد بەناوی مەهسا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی رەوشت لە تاران، كە بە بیانووی ئەوەی جل و بەرگەكەی شیاو نەبووە ئازاریاندا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان ناوچە كوردیەكان و چەندین ناوچەی تری ئێرانی گرتەوە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە، بەهۆشیەوە زیاتر لە 400 كەس گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group