پیاوێك جەستەی دایكی مۆمیا دەكات و 13 ساڵ لە ماڵەكەیدا دەیهێلێتەوە

29/03/2023 جیهان

نەوا-
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئێكسپرێس، پیاوێكی پۆڵەندی بە تۆمەتی مۆمیاكردنی تەرمی دایكی و هێشتنەوەی لەسەر قەنەفەكەی بۆ ماوەی 13 ساڵ، دەستگیركرا.
رۆژنامەكە بڵاویشیكردۆتەوە، ئەو كەسەی كە تەرمی دایكی بۆ ماوەی 13 ساڵ لە ماڵەكەی خۆیدا و لەسەر قەنەفەكەی هێشتبۆوە ناوی ماریان ئێڵە، دوای ئەوەی زاواكەی بەمەبەستی سەردانیكردن چوەتە ماڵیان لە شارۆچكەی رادلین و بینیویەتی كە ماریانی تۆمەتبار وەك شێت هەڵسوكەوت دەكات، دواتر لەناو ماڵەكەدا گەڕاوەو تەرمێكی مۆمیاكراوی لەسەر قەنەفەیەك و كۆمەڵێك رۆژنامەی ساڵی 2009 دۆزیوەتەوە.
باس لەوەشكراوە، پاش ئەوەی پۆلیس ئاگادار كراوەتەوەو گەیشتونەتە شوێنەكە هەمان دیمەنیان بینیوە، پاشان ماریان ئێل دەستگیركراوەو لەلایەن تیمێكی فریاگوزارییەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس دەركەوتوە كە تۆمەتبارەكە دوای ماوەیەكی كەم لە ناشتنی دایكی، گۆڕەكەی هەڵكەندوەو تەرمەكەی بردۆتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی، لەوێش مادەی كیمیایی بۆ پارێزگاریكردن لێی بەكارهێناوە.
داواكاری گشتی ناوچەكە رایگەیاندوە، ماریان تۆمەتباركراوە بە دەستوەردان لە تەرمی كەسێك و لەلایەن پزیشكانی دەرونی پسپۆڕەوە پشكنینی بۆ دەكرێت و پاشان بۆچونی خۆیان لەسەر دۆخی تەندروستی تۆمەتبارەكە دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group