نەوا-
بۆردومانیكی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر كەمپی ئاوارە فەڵەستینییەكان لە ناوچەی مەواسی رۆژئاوای شاری خان یونس لە غەزە كوژران و برینداربونی 100 كەسی لێكەوتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی حكومەتی فەڵەستین لە غەزە بڵاویكردۆتەوە: سوپای ئیسرائیل بە بۆردومانكردنی كەمپی ئاوارەكان لە ناوچەی مەواسی، كۆمەڵكوژییەكی گەورەی بەرامبەر بە فەڵەستینییەكان ئەنجامداوە كە بەهۆیەوە 100 كەس كوژراون و برینداربون. راشیگەیاندوە، پێشتر ناوچەی مەواسی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەك ناوچەی پارێزراو راگەیانراوە كە فەڵەستینییەكان وەك ئاوارە رویان تێكردوە، هەروەها تیمەكانی فریاكەوتن بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ هەڵگرتنەوەی تەرمی كوژراوەكان و لە نەخۆشخانەكانی غەزەش ناتوانرێت بریندارانی بۆردومانەكە چارەسەر بكرێن، چونكە زۆربەی نەخۆشخانەكان بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیلەوە زیانی زۆریان بەركەوتوە.