نەوا-
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان رۆڵی عێراق لە رێكخراوی ئۆپێكدا بەهێز دەكات.
باسم محەممەد خزەیر بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری دەرهێنان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای ماوەیەكی درێژ، حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی شاندی دانوستاندنكاری هاوبەشەوە گەیشتنە رێككەوتنێكی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كۆمپانیا كارپێكەرەكانی كێڵگە نەوتییەكانی نێو هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم رێككەوتنە سەروەریی حكومەتی فیدراڵی لە مامەڵەكردن و هەناردەكردنی نەوتدا دەچەسپێنێتەوە، بە شێوەیەك كە لەگەڵ یاساكانی عێراق و یاسای بودجەدا بگونجێت،وتیشی، وەكو قۆناخی یەكەم، 190 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە وەردەگرین و 50 هەزار بەرمیلیشی بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە.
باسم محەممەد باسی لەوەشكرد، نەوتەكە لەڕێگەی تۆڕی بۆریی نیشتمانی و هێڵی هەناردەكردنی عێراق - توركیاوە دەبێت، هەروەك چۆن نەوتی باشوور و ناوچەكانی دیكەی عێراق دەفرۆشرێت و هەناردە دەكرێت،وتیشی، سامانەكانی نەوت بەگوێرەی یاسا و دەستوور و لە چوارچێوەی سیاسەتێكی رووندا بەڕێوەدەبرێن و رێككەوتنەكە شەفافییەتی زیاتر دابین دەكات و داهاتی گشتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت زیاد دەكات."