نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەیامێكدا رایگەیاند، یادی ئەو تاوانانە دەكەنەوە كە رژێمی بەعسی سەدام بەرامبەر بە گەلی عیراق ئەنجامیدا، ئەو تاوانانە لە سەرانسەری خاكی وڵات بڵاوبویەوەو بوە هۆی شەهیدبونی هەزاران كەس لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان و راپەڕینی شەعبانیەو كۆمەڵكوژی هەڵەبجەو شاڵاوەكانی ئەنفال و تیرۆركردنی زانایان و بەئامانجكردنی هێزە ئایینی و نیشتیمانییەكان، ئەمانە پەڕەی خوێناویین لە مێژوی عیراقدا، ئەركی دڵسۆزی بۆ شەهیدان و پاراستنی یادەوەری نیشتیمان و بنیاتنانی ئایندەیەكی شایستە بە قوربانیدانی ئەوانمان بەبیردەهێنێتەوە.
ئاماژەشیكردوە، سەرەڕای ئەم قوربانییە مەزنانە، عیراقییەكان لە دوای روخانی دیكتاتۆرییەتەوە بەردەوامبون لە قوربانیدان لە پێناو نیشتمانەكەیان و روبەڕوی كردەوەی تیرۆرستی و تاوانكاری سیستماتیكی پاشماوەكانی دیكتاتۆریزم و رێكخراوی تیرۆریستی داعش بونەوە كە نوێنەرایەتی درێژەپێدەری تاوانەكانی رژێمی لەناوچوی دەكرد.
سودانی وتوشیەتی: لەكاتی بەبیرهێنانەوەی ئەم تاوان و قوربانیدانە، بەڕێزو شانازییەوە لەبەردەمیاندا رادەوەستین، چونكە بوە هۆی بەدیهێنانی ئازادی بۆ وڵاتەكەمان و شكۆ بۆ گەلە سەربەرزەكەی كە ئەمڕۆ لە سایەی سیستمێكی دیموكراسی فرەییدا دەژین كە هەمو مافە دەستوری و یاساییەكانی دەستەبەر كردوە، بەڵێن دەدەین كە بەردەوام دەبین لە ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان و پاراستنی ئازادییە گشتی و تایبەتەكان و پاراستنی سەروەری وڵاتەكەمان و رێگە نەدان بە گەڕانەوەی دیكتاتۆریەت لە ژێر هەر ناوێكدا بێت.