دوایین هۆشداری درایە میلیشیا شیعەكان

3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی دوێنێ شەوی هاوپەیامنی ئیدارەی دەوڵەتی بڵاوكردەوە كە بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەكانی هێزە نیشتمانییە عێراقییەكان بەڕێوەچوو.
ئاماژە بەوەدراوە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵەكانی حكومەتی بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری، باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و جێبەجێكردنی كارنامەی وەزاری خستەڕوو. 
سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە، پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتییان لە پێشینەی كاری حكومەتەكەیدایە، و ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و داراییەكان كرد.
هەروەها، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی قۆرخكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕی. 
هاوپەیمانییەكە جەختیشی كردەوە،  ئەم هەنگاوە بەپێی ئەو كارنامەی وەزارییە كە بووەتە یاسای كارپێكراو، هەروەها ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و دوورخستنەوەی وڵات لە هەر ململانێیەك كە خزمەتی گەلی عێراق نەكات، وەك بنەمایەكی سەرەكی دانرا.
هاوپەیمانییەكە بە ڕوونی هۆشداریدا كە هەر كەسێك چەك لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەت بەكاربهێنێت یان هەوڵی پێكهێنانی گرووپی چەكداری بدات، تاوانی هەڕەشەكردن لە ئاسایشی وڵات ئەنجام دەدات. 
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئەو كەسانە بە دەرچوو لە یاسا دادەنرێن و پێویستە ڕووبەڕوویان ببنەوە، چونكە دەستوور بەكارهێنانی چەك لە دەرەوەی هێزە فەرمییەكان قەدەغە دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group