عەلی زەیدی: ئامرازەكانی هێز تەنها لەدەست دامەزراوە دەستوورییەكاندا دەمێننەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وتارێكی پێشكەشكرد و جەختی كردەوە، دەوڵەت تاكە بڕیاردەر دەبێت لە پرسی جەنگ و ئاشتیدا و چەك و ئامرازەكانی هێز تەنها لەدەست دامەزراوە دەستوورییەكاندا دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بە كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەكانی لە بواری سەربازییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ هاوكاریی ئابووری و گەشەپێدان.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، سەرۆك وەزیران پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی وەك ڕوانگەیەكی گشتگیر بۆ ئاوێتەبوونی هەرێمی پێناسە كرد، كە لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەكات تا توركیا و ئەوروپا، هەروەها ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە.
داواشی لە وڵاتانی دراوسێ و دۆستان كرد ببنە هاوبەش لەم پڕۆژەیەدا، چونكە بەستنەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و هێڵەكانی گواستنەوە باشترین زامنی سەقامگیرییە، هاوكات ئاشكرای كرد كە عێراق كار بۆ پەرەپێدانی هێڵەكانی وزە لەگەڵ توركیا، ئوردن و سوریا دەكات.
لە كۆتاییدا سەرۆك وەزیرانی عێراق نیگەرانیی عێراقی دەربڕی بەرامبەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ئازادیی كەشتیوانی و گواستنەوەی دەریایی دەبنەوە كە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە سەرانسەری جیهاندا، ئاماژەی بەوەش كرد، سەقامگیریی ڕاستەقینە بە جەنگ دروست نابێت، بەڵكو بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دەهێنرێتە دی نەك ململانێ.