باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا: مەترسیی داخرانی ئاسمانی 13 وڵات هەییە
1 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاگادارییەكی ئەمنیدا هۆشدارییان بە هاووڵاتیانی وڵاتەكەیان دا سەبارەت بە پەرەسەندنی خێرای پێشهاتە ئەمنییەكان و رایگەیاند، ململانێكان بە خێرایی پەرەدەسێنن و لە بازنەی ئێستای رووبەڕووبوونەوەكان تێدەپەرن، ئەم دۆخە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان، داخستنی ئاسمان و پچڕانی هاتوچۆی گەشتیاری.
هەروەها، لیستی ئەو وڵاتانەی ئاشكراكردووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریی ئەمنیی تێدا بڵاوكردوونەتەوە بریتین لە، سعوودیە، ئیمارات، كوەیت، ئوردن، بەحرەین، عومان، قەتەر، عێراق، لوبنان، یەمەن، ئێران، ئیسرائیل و قودس.
باڵیۆزخانەكان داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریكییانە دەكات كە گەشت بۆ ئەو ناوچانە دەكەن یان لەوێن، چاودێری وردی كارەكانی فڕۆكەخانە و هێڵە ئاسمانییەكان بكەن، هەروەها جەختیان كردووەتەوە كە پێویستە پلانی بەدیلیان بۆ حاڵەتە لەناكاوەكان ئامادە بێت.
هاوكات، هۆشدارییان داوە لە ئەگەری ئەوەی ئێران و لایەنگرانی، بەرژەوەندییەكان یان شوێنەكانی پەیوەست بە ئەمریكا و هاووڵاتیانی لە سەرانسەری جیهاندا بكەنە ئامانج، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمپانیا ئەمریكییەكان و دامەزراوەكانی دیكە وەك ئامانجی ئەگەری دیاریكراون.