حەیدەر عەبادی: "خواستم هەیە بگەڕێمە بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت"

18/02/2019

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەڵێت "بەهۆی ئەجێندای دەرەكییەوە، چالاكی سیاسییم كەمبووەتەوە و خواستم هەیە بگەڕێمە بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت".
بەپێچەوانەی نوری مالكی، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بەهۆی ئەو ئەنجامە لاوازەی كە ئیئتلافەكەی بەناوی "نەسڕ" لە هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٨ بەدەستیهێنا لەگەڵ شكستهێنانی لە پێكهێنانی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، نەیتوانی بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران.
حەیدەر عەبادی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رەتیكردەوە، ئەو هۆكارانە ئاشكرا بكات، كە بە هۆیانەوە چالاكی سیاسی كەمبووەتەوە، بەڵام تەنها ئاماژەی بەوەدا كە بە هۆی ئەجندا دەرەكییەكانەوە، چالاكی سیاسیی كەمبووەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەشدا هەر لەبەر چەند هۆكارێك، بۆ خولی دووەم نەبووە بە سەرۆكوەزیران و كە كاتی هات، هەموو ئەو هۆكارانە ئاشكرا دەكات.
حەیدەر عەبادی كە سەرۆكایەتی ئیئتیلافی نەسڕ دەكات وتی: "بەفەرمی خۆم كاندید نەكردبوو، بەڵكو كاندیدی ئیئتلافی نەسڕ بووم لە كاتێكی درەنگدا، بڕیارم دا لە هەڵبژاردنەكاندا بەشداریی بكەم".
سەرۆكی ئیئتیلافی نەسڕ لە هەمان كاتدا جەخت لەوە دەكاتەوە سوورە لەسەر ئەوەی لەداهاتوودا جارێكی دیكە ركابەری بكات لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران و لەوبارەیەوە وتی: "بەڵێ بەهەموو بڕاوەیەك دەڵێم، دید و ئیرادە و ئەزموونێكی سەركەوتووم هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات كە خەم و چارەنووسمان بووە، بەهیچ شێوەیەكیش لە شەڕی بنیاتنانەوەی وڵات و سەركردایەتیكردنی راناكەم".
حەیدەر عەبادی وتیشی: "ئەوەی زیاتر بەلای منەوە گرنگ بوو لەو كاتەی سەرۆكوەزیران بووم، دووبارە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە بوو كە داعش كۆنتڕۆڵی كردبوو، هەروەها دۆسییەكانی سیاسی، ئابووری و سەروەریی بەباشترین شێوە بەڕێوەببم".
حەیدەر عەبادی هەڵوێستی خۆی لەهەمبەر حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی راگەیاند و وتی: "هاوكیشە سیاسییەكان كە حكوومەتی نوێی لێكەوتەوە، ناڕوون و دژبەیەك بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدەوارەم حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەركەوتوو بێت و پشتیوانی لێ دەكەم، وێرای ئەوەی تیادا بەشدارنیین".
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق ئەوەشی وت: "پرسەكە ئەوەندی پەیوەندی بە پێوەرەكانەوە هەیە پەیوەندی بە كەسەكانەوە نییە و لەسەر لایەنە سیاسییەكان پێویستە دۆسییەكانی ئاسایش، سەروەریی تەنانەت رۆشنبیری و فێركردن لە گرژی و ناكۆكییەكان دوور بخەنەوە، خۆشیان لە سیستەمی گرێبەستی پشكپشكێنە و تێپەڕاندنی خواستەكانی بیانی بەدوور بگرن".
هەروەها حەیدەر عەبادی رایگەیاند ئاواتەخوازە حكوومەتی نوێ جەنگی دژبە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە یەكجارێكی تەواو بكات و جەختیكردەوە كە لەوبارەیەوە پشتیوانی لە حكوومەت دەكات و وتی: "تیرۆر سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر هەمووان ".
سەرۆكی ئیئتلافی نەسڕ وتیشی: "شەری دژبە تیرۆر لەڕووی ئەمنی، سەربازیی، هەواڵگری، سیاسی، ئابووری و تەنانەت لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەڵەتیش، تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئیدارە و توانای حكوومەت".
حەیدەر عەبادی ئەوەشی وت "ئەوەی دەیەوێت سەركەوتوو بێت لە شەڕی دژبە تیرۆر، دەبێت خاوەنی دید، ئیرادە و سیاسەتێكی باش بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە سروشت، ئاڵۆزی و هاوسەنگی شەڕەگە تێ بگات".
لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی كە لەبارەی لادان و خۆدزینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خراونەتە پاڵی، حەیدەر عەبادی وتی: "بەپێچەوانەوەی تۆمەتەكان كە لەبارەی لادان و خۆدزینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خراوەنەتە پاڵم كە چی لە حكوومەتی مندا، هەشت وەزیر و دەیان بریكاری وەزیر و سەدان خاوەن پلە تایبەتەكان بەتۆمەتی گەندەڵی رەوانەی دادگا كران، هەروەها ژمارەیەك بڕیارمان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی دەركرد".
سەرۆكوەزیرانی پێشوو وتیشی: "لە بنبڕكردنی گەندەڵی سەركەوتوو نەبووین، چونكە سیستەمی سیاسی، كارگێڕی و رۆشنبیری پێویستی بە یەكگرتوویەكی گشتگیر هەیە".
حەیدەر عەبادی ئەوەی وەبیرهێنایەوە "هەموومان دەزانن كە لە مانگی تەمووزی ٢٠١٥، دەستمانكرد بە كۆمەڵێك چاكسازی كە لە میاندا، مووچەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە بەڕێژەی ٥٠ لەسەدا و مووچەی بریكاران و راوێژكاران بەڕێژەی ٤٠ لەسەدا و مووچەی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتییەكان بەڕێژەی ٣٠ی لەسەدا كەمكرانەوە".

ئەو وتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٦دا، بەهەمان شێوە لە چوارچێوی چاكسازییەكاندا، مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران نیواونیو لەگەڵ ژمارەی پاسەوانەكانم كەمكردەوە، بۆیە لێرەوە دەڵێم لەبەر ئەم هەنگاوە من كەسێكی شیاو پەسەند نیم لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران-ەوە".
حەیدەر عەبادی تەمەن ٦٧ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٤دا بوو بە سەرۆكوەزیرانی عێراق كە لایەنگرانی وای لەقەڵەمدەدەن توانی لە میانی حكومڕانیكردندا، شكست بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بهێنێت دوای ئەوەی رێكخراوەكە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ٢٠١٧ یەك لەسەر سێی رووبەری خاكی عێراقی كۆنتڕۆڵكردبوو.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group