نەوا-
دیاریكردنی وڵاتی پاكستان بۆ میوانداریكردنی خولەكانی دانوستاندنی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران چەند ساڵێك لەمەوبەر شتێكی وا ئاسان و چاوەڕوانكراو نەبوو چونكە ئەم دەوڵەتە ئەتۆمییەی كە بە فەرمی دان بە ئیسرائیلدا نانێت و هەمیشە گومان و نیگەرانیی لای ئەمریكا دروست كردووە بەهۆی مێژووی ئەتۆمییەكەی و پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی لەگەڵ گروپە چەكدارەكاندا تا دوێنێیەكی نزیكیش وا دەردەكەوت كە لە پەراوێزی سیستەمی نوێی هەرێمیدایە نەك لە چەقەكەیدا
بەڵام هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران و سروشتی كەسێتی و گرێبەستخوازانەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ پێویستیی واشنتن بە نێوەندگیرێك كە هەم توانای قسەكردنی لەگەڵ تاراندا هەبێت و هەمیش پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن نەپچڕاندبێت هەموو ئەمانە هۆكار بوون بۆ ئەوەی كە ئیسلام ئاباد جارێكی تر و بە یەكجار بگەڕێتەوە بۆ پێشەوەی شانۆكە
گەڕانەوەی پاكستان بۆ گۆڕەپانی هەرێمیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت تەنها لە ڕوانگەی ئەم نێوەندگیرییەی ئێستاوە تێبگەین بەڵكو پێویستە وەك دەرئەنجامی ڕێڕەوێكی درێژخایەنتر بخوێندرێتەوە كە لەسەر چەند بنەمایەك وەستاوە
بنەمای یەكەم بریتییە لە چاكسازی و بنیاتنانەوەی قۆناغ بە قۆناغی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و پاكستان دوای چەندین ساڵ لە پاشەكشەكردنی ئەو پەیوەندییانە لەسەر حیسابی بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ چیندا
بنەمای دووەم بریتییە لە وەبەرهێنانی پاكستان لە خاڵە بەهێزە تایبەتەكانی خۆیدا لە پێگەی جوگرافییەوە تاوەكو دەگاتە قورسایی و كێشی سەربازی و ئەتۆمی و تێپەڕبوون بە پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ شێنشینی عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی كەنداودا
گرنگتر لە هەمووشیان ئەوەیە كە ئەم گەڕانەوەیە پرسیارێكی گەورەتر دەوروژێنێت ئەویش ئەوەیە ئایا پاكستان لە تەنها نێوەندگیرێكی كاتییەوە دەگۆڕێت بۆ یەكێك لەو یاریزانانەی كە بەشدارن لە دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێزی هەرێمیدا بەتایبەت لەو كاتەدا كە ئێران ڕووبەڕووی فشارێكی بێپێشینە بووەتەوە و هێزە گەورە و هەرێمییەكانیش خەریكی دووبارە ڕێكخستنەوەی پێگەكانی خۆیانن
لە یەكەم خولی سەرۆكایەتیدا ترەمپ بێزاری خۆی لە پاكستان نەشاردەوە و لەو كاتەدا ئەو وڵاتەی تۆمەتبار كرد بەوەی كە هیچ شتێكی پێشكەش بە واشنتن نەكردووە جگە لە درۆ و فێڵكردن و ئەمەش گوزارشت بوو لە قۆناغێكی ساردی قووڵ لە نێوان هەردوو وڵاتدا چونكە واشنتن وای دەبینی كە پاكستان سوود لە هاوكارییە ئەمنی و داراییەكانی ئەمریكا وەردەگرێت بەڵام لە هەمان كاتدا پانتاییەكی فراوان بۆ خۆی لە ئەفغانستان دەهێڵێتەوە و پێوەندییەكانی لەگەڵ چینیش وەك ئەولەوییەتێكی ستراتیژی دەهێڵێتەوە بەڵام ئەوەی دواتر گۆڕا تەنها ڕەفتاری ئیسلام ئاباد نەبوو بەڵكو درككردنی قووڵی ئەوان بوو بۆ خودی كەسێتی ترەمپ
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست نوخبەی پاكستانی زوو ئەوەیان تێگەیشت كە ترەمپ وەڵامی بۆ وتارە نەریتییەكانی هاوپەیمانێتییە درێژخایەنەكان یان زمانی دیپلۆماسی ڕووت نییە بەڵكو ئەو وەڵامی بۆ ئەو شتانە هەیە كە دەكرێت وەك دەستكەوتێكی ڕاستەوخۆ و بەرجەستە پێشكەشی بكرێن هەربۆ پۆشینی ئەم مەبەستەش ئیسلام ئاباد پێشنیارەكەی خۆی بە زمانی سەودا و ڕێككەوتن داڕشت واتە هاوكاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و كرانەوە بەڕووی گرێبەستەكانی كانزا گرنگەكان و ئاماژەكردن بە هاوبەشی لە بواری دراوە دیجیتاڵییەكاندا لە ڕێگەی ڕێككەوتننامەی پێوەست بەو لایەنانەی كە پێوەندییان بە خێزانی ترەمپەوە هەیە
ئەمەش هەمان ئەو شتە بوو كە بەرپرسی پێشووی پاكستان شاهید حوسێن سەید گوزارشتی لێكرد كاتێك گوتی وڵاتەكەی سێینەكەی پێشكەش بە ترەمپ كردووە كە بریتین لە دراوی كڕیپتۆ و كانزا گرنگەكان و دژایەتیكردنی تیرۆر
لێرەدا گۆڕانكارییە بنەڕەتییەكە دەركەوت چونكە پاكستان هەوڵی نەدا واشنتن قایل بكات كە ئەوان بە شێوەیەكی ڕیشەیی گۆڕاون بەڵكو هەوڵیاندا ترەمپ قایل بكەن كە ئەوان بۆ خودی خۆی و بۆ لایەنی سیاسی بەسوودن و ئەم ڕێڕەوەشیان بە هەنگاوی سیمبولی و سیاسی لێكدراوەوە پتەوتر كرد وەك پیاهەڵدانی بەردەوام بە ڕۆڵی ئەو لە ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ هیندستان و بەربژێركردنی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و بەشداریكردن لەو دەستپێشخەرییانەی شێوازی ئاهەنگگێڕانیان هەبوو و پێوەست بوون بە گوتارە نێودەوڵەتییەكەی ترەمپەوە و بە گەیشتنی وەرزی پایز ترەمپ گۆڕابوو بۆ ئەوەی وەسفی فەرماندەی سوپای پاكستان جەنەراڵ عاسم منیر بكات بەوەی مارشاڵی دڵخوازی ئەوە
ئەمەش تەنها هەڵسوكەوتێكی سۆزداری یان ڕێزگرتنێكی سادە نییە بەڵكو ئەوە دەگەیەنێت كە پاكستان سەركەوتوو بووە لە گۆڕینی پێوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن لە مەلفێكی دامەزراوەیی قورس و پشتاوپشت هاتوو لە شەڕی دژە تیرۆرەوە بۆ كەناڵێكی كەسی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆكێكی ئەمریكیدا كە نرخی وەفا و سوودی دەستبەجێ لە پێش هەموو هۆكارەكانی ترەوە دادەنێت
پاكستان وەك نێوەندگیرێك سەرەڕای دانپێدانەنانی بە ئیسرائیلدا
ئەو پارادۆكس و دژبەیەكە ڕووكەشییەی ئێستا ئەوەیە كە ئەو دەوڵەتەی دان بە ئیسرائیلدا نانێت ئەمڕۆ بووەتە سەكۆیەك بۆ دانوستاندن لە جەنگێكدا كە ئیسرائیل یەكێكە لە لایەنە سەرەكییەكانی بەڵام ئەم پارادۆكسە نامێنێت ئەگەر لە ڕوانگەیەكی ئەركییەوە سەیری نێوەندگیرییەكە بكەین نەك لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە چونكە ئیسلام ئاباد ڕۆڵی زامنی ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە لە نێوان تاران و تەلئەبیبدا ناگێڕێت بەڵكو ڕۆڵی ئاسانكاری دەگێڕێت بۆ كەناڵێكی ئەمریكی و ئێرانی لەسەر ئەو بنەمایەی كە كلیل و كاریگەریی ڕاستەقینە لە واشنتندایە و لەم سۆنگەیەشەوە خۆبەدوورگرتنی پاكستان لە دانپێدانان بە ئیسرائیلدا لەوانەیە نەبێتە بەربەست بەڵكو ڕەنگە ئەوە ببێتە هۆكارێكی زیاتری دڵنیاكەرەوە بۆ ئێرانییەكان
بەپێی زانیارییەكانی واشنتن پۆست پاكستان خاوەنی سێ خاڵ و ڕەگەزی سەرەكییە كە شیاوی تایبەتی پێدەبەخشێت بۆ ئەم ڕۆڵە یەكەمیان ئاستێكە لە متمانەی ڕێژەیی لەگەڵ ئێراندا بە هۆی هەبوونی سنوورێكی وشكانی درێژەوە و هەروەها پێویستیی هەردوولا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و ڕێگریكردن لە گۆڕانی ناوچە هاوبەشەكان بۆ بۆرەی پشێوی هەمیشەیی و دووەمیشیان توانای قسەكردنیەتی لەگەڵ واشنتن لە نێو پێوەندییەكی چاككراوە لەگەڵ خودی دۆناڵد ترەمپدا و سێیەمیشیان كێش و قورساییە ئەتۆمی و سەربازییەكەیەتی كە پێگەیەكی جیاوازی پێدەبەخشێت لە نێوەندگیرە نەریتییەكانی تر كە قورساییان كەمترە
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەم قورساییە ئەتۆمییە زیاتر دەبێتە هۆی هێز و هەیبەتی پاكستان لە چاوی سەرجەم لایەنە جیاوازەكاندا
بەڵام ئەوەی لە هەموو ئەمانە گرنگترە ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی ئیسلام ئاباد نێوەندگیرێكی تەواو بێلایەن نین بەڵكو ئەوان نێوەندگیرێكی خاوەن بەرژەوەندین و ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە ئەوان هۆشیارن و بایەخ بەوە دەدەن كە ڕێگری بكەن لە هەرەسێكی گشتگیری ئێرانی یان هەڵوەشانەوەیەكی ناوخۆیی لەسەر سنوورە ڕۆژئاواییەكانیان و هاوكات بایەخ بەوەش دەدەن كە ڕێگری لە تاران بكەن قەیرانەكانی خۆی بگۆڕێت بۆ گوشارێكی ئەمنی یان مەزهەبی لە ناوخۆی گۆڕەپانی پاكستاندا و لە ڕاستیدا پەرەسەندنەكانی ئەم دواییانە ئەوەیان نیشاندا كە ناوخۆی پاكستان تا چەند لەبەردەم لێكەوتەكانی جەنگدا ناسك و بێبەرگرییە بە تایبەت دوای ڕوودانی ئاڵۆزی و توندوتیژی لە پاش كوژرانی ڕێبەری ئێران و هەوڵدان بۆ هەڵكوتانە سەر كونسوڵخانەی ئەمریكا لە شاری كراچی
لەبەر ئەم هۆكارانەش نێوەندگیرییەكەی پاكستان وەك كارێكی خێرخوازی یان تەنها دەستكەوتێكی بانگەشەكردن دەرناكەوێت بەڵكو ئەوە لە ڕاستیدا هەوڵێكی بەرگری پێشوەختەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی پاكستان چونكە ئەم دەوڵەتە ئەتۆمییە گەورەیەی كە هاوسێی ئێرانە ناتوانێت بەرگەی سیناریۆی پشێویی درێژخایەن بگرێت و ناشتوانێت بەرگەی سیناریۆی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی سوپای پاسداران بگرێت بەسەر وڵاتێكی پڕ لە قەیران و هەڵوەشاوەدا و بە هەمان شێوەش بەرگەی سیناریۆی دەستێوەردانی ئاڵۆزی هەرێمی ناگرێت كە ڕەنگە نەخشەكان بەرەو ئەگەرگەلێك بكەنەوە كە كۆنترۆڵكردنیان ئەستەم بێت
لە لایەكی ترەوە پێوەندییەكانی نێوان پاكستان و ئەمریكا چیدی لە دەرەوەی ڕۆڵی سعوودیە تێناگەین چونكە لە ماوەی چەندین ساڵی پاشەكشەی ڕێژەیی ئەمریكا لە مەعامەلەكردن لەگەڵ پاكستاندا و لەگەڵ گەشەكردنی هەژموونی ئابووری و ستراتیژیی چین لەو وڵاتەدا هێشتا شانشینی عەرەبستانی سعوودی و لەگەڵیدا وڵاتانی كەنداو وەك زمانەیەكی ئەمان و دڵنیایی دارایی و سیاسیی سەرەكی بۆ ئیسلام ئاباد مانەوە و لەم دواییانەشدا پاكستان ناچار بوو پشت ببەستێت بە حزمەكانی ڕزگاركردن و قەرزەكانی سعوودیە و ئیمارات لە ژێر سایەی قەیرانە نەقدییەكانی و گرانیی بژێوی ژیاندا ئەوەش دوای ئەوەی پەناشی دەبرد بۆ سندوقی نێودەوڵەتیی دراو
دواتریش ئەم ڕەهەندە داراییە جیاواز نییە لە ڕەهەندە ستراتیژییەكە چونكە ڕیاز لە مێژوودا ئەو پردە بووە كە ڕێگەی بە پاكستان داوە پێوەندییەكی قووڵ بپارێزێت لەگەڵ سیستەمی ئەمنی عەرەبی هاوپەیمانی واشنتندا تەنانەت لەو كاتانەشدا كە پێوەندییەكانی پاكستان و ئەمریكا بە قۆناغی ساردیدا تێپەڕیون و ئەمرۆش لەگەڵ واژۆكردنی پەیماننامەی بەرگریی ستراتیژی لە نێوان ڕیاز و ئیسلام ئاباددا و لەگەڵ وەرگێڕانی ئەمەشدا ئەگەر بە شێوەیەكی سیمبولیش بێت لە ڕێگەی ناردنی فڕۆكەی جەنگی و هێزەكانی پاكستان بۆ سعوودیە وەك پەیامێكی سەركوتكەر بۆ تاران وایكردووە پاكستان نزیكتر بێت لە پێگەی شەریكی ئەمنی نەرم كە دەكرێت وەبەرهێنانی تێدا بكرێت لە هاوسەنگیی نێوان كەنداو و ئێراندا بێ ئەوەی بخرێتە پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەكان
ئەم ڕۆڵە دوولایەنەی سعوودیە گرنگە بۆ ڕۆشتن و هاتنەوەش چونكە ئەو لە لایەكەوە پاڵپشتییەكی دارایی و سیاسی دەدات بە پاكستان كە ڕێگری دەكات لە ناسكی و بێهێزی ناوخۆیی و لە لایەكی ترەوە دەرگای گەڕانەوەی بۆ واشنتن دەكاتەوە لە ڕێگەی نیشاندانی وەك ڕەگەزێكی جێگیریی لە نێو سیستەمی هەرێمیدا كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت دووبارە ڕێكی بخاتەوە و بەم چەمكەش بێت لێكنزیكبوونەوەی پاكستان و ئەمریكا جێگرەوەیەك نییە بۆ چین هێندەی ئەوەی پرۆسەیەكی فرەچەشنكردنی ناچاریی میحوەرەكانە كە لەلایەن پێویستیی پاكستانەوە بۆ خۆدەربازكردن لە پشتبەستنی تەواو بە پەكین بەڕێوە دەبرێت و هەروەها پێویستیی واشنتنیشە بە هاوبەشێك كە كلیلی هەبێت لە ئەفغانستان و ئێران و كەنداو پێكەوە
لە ڕاستیدا ئەم پراگماتییەتە هۆكاری ڕوونكردنەوەی توانای پاكستانە بۆ كۆكردنەوەی ئەو هێڵانەی كە وا دەردەكەون دژبەیەك بن
• هاوبەشییەكی قووڵ لەگەڵ چین
• پێوەندییەكی ئەمنی پێشكەوتوو لەگەڵ سعوودیە
• كەناڵێكی كراوە لەگەڵ واشنتن
• نەبوونی هیچ پردێكی بڕاو لەگەڵ ئێراندا
ئەمەش واتە پاكستان هەوڵ دەدات ببێتە دەوڵەتێكی یەكتربڕ نەك دەوڵەتی میحوەر و ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە پێگەی جوگرافی خۆی و لە ساتەوەختێكی لێشاوی هەرێمی بێپێشینەدا
هاوسەنگیی هێزی هەرێمی
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەی پێشتر گوترا لە كاتێكدا وا دەرناكەوێت پاكستان كاندید بێت بۆ ئەوەی شوێنی هێزە هەرێمییە نەریتییەكان بگرێتەوە بەڵام بێگومان ئێستا كاندیدێكی جدییە بۆ ئەوەی ببێتە ژمارەیەكی قورستر لە هاوكێشەی هاوسەنگیدا چونكە سعوودیە وەك یاریزانی قورسایی دارایی و نەوتیی عەرەبی دەمێنێتەوە و توركیاش خاوەنی ئامرازی هەژموونی سەربازی و سیاسیی فراوانترە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و میسریش قورسایی دەوڵەتی مەركەزیی عەرەبی دەپارێزێت ئەگەرچی ڕۆڵە هەرێمییەكەی زیاتر بە وریاییەوەیە و لە هەمان كاتیشدا ئیسرائیل وەك هێزی سەربازیی خاوەن باڵادەستیی تەكنەلۆژی و لكاو بە بڕیاری ئەمریكا لەم شەڕەدا دەمێنێتەوە
لەگەڵ ئەمەشدا ئێستا پاكستان خاڵگەلێك زیاد دەكات كە بە شێوەیەكی كۆكراوە لە لای هیچ كام لەو یاریزانانەی ئاماژەیان پێكرا نییە و دیارترینیان ئەوەیە كە دەوڵەتێكی ئیسلامیی ئەتۆمییە و خاوەن سوپایەكی گەورەیە و سنووری ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ئێراندا و توانای گفتوگۆكردنی هەیە لەگەڵ واشنتن و تاران و كەنداو پێكەوە و بەم واتایەش دەكرێت ڕۆڵی ئیسلام ئاباد بگۆڕێت بۆ یەكێك لەم سێ شێوازە
شێوازی یەكەم بریتییە لەوەی ببێتە نێوەندگیرێكی ئەمنی و سیاسی كە ئاسانكاری دەكات بۆ هێوركردنەوە لەو شوێنانەی كە كەناڵە ڕاستەوخۆكان تێیدا پەكپەكەوتوون بەتایبەت لەو مەلەفانەی كە پەیوەندییان بە ئێران و كەنداوەوە هەیە
شێوازی دووەم بریتییە لەوەی ببێتە شەریكێكی سڕكەری سیمبولی لە تەنیشت سعوودیەوە كە زیاتر ئاماژە دەنێرێت نەك ئەوەی بچێتە ناو شەڕی ڕاستەوخۆوە
شێوازی سێیەمیش ئەوەیە ببێتە خاڵی هاوسەنگییەك كە ڕێگری دەكات لەوەی هەر سازانێكی هەرێمیی نوێ ببێتە ڕێككەوتنێك كە هێزە ئیسلامییە ناعەرەبە گەورەكان پەراوێز بخات
بەڵام ئەم خواستە ڕووبەڕووی كۆت و بەربەستی ڕوون دەبێتەوە و واشنتن پۆست دەڵێت زۆربەی پاكستانییەكان هیچ لەم نێوەندگیرییانە لە ژیانیاندا هەست پێناكەن مەگەر ئەوەی دەوڵەت سەركەوتوو بێت لە چارەسەركردنی قەیرانە ئابوورییە بنەڕەتییەكانیدا و هەروەها بەرپرسان و شارەزایانی پێشوو هۆشداری دەدەن كە هەندێك لەو گرێبەستانەی ڕاگەیەندراون لەگەڵ واشنتندا ڕەنگە زیاتر نزیك بن لە ژاوەژاوی سیاسییەوە نەك لە گۆڕانكاریی ڕاستەقینەی ئابووری و سەرەڕای ئەمانەش نەیارانی سەركردایەتیی ئێستای پاكستان كار و تێوەگلانی وڵاتەكەیان لە دەرەوەدا وەك هەوڵێك دەبینن بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەكان لە ململانێ ناوخۆییەكان و بەهێزكردنی شەرعییەتی دامەزراوەی سەربازی
لەبەر ئەمەش پرسیارە ڕاستەقینەكە ئەوە نییە كە ئایا ئیسلام ئاباد سەركەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی دڵسۆزی و خۆشەویستیی ترەمپدا چونكە ئەوان بە كردەوە تا ڕادەیەكی زۆر ئەوەیان كردووە بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا دەتوانێت ئەو دڵسۆزییە بگۆڕێت بۆ هەژموونێكی بەردەوام نەك تەنها بۆ دیمەنێكی دیپلۆماسیی كاتی
سەركەوتنی پاكستان لەمەشدا لەسەر سێ مەرج دەوەستێت مەرجی یەكەم ئەوەیە كە هێڵێكی هاوسەنگیی ورد لەگەڵ ئێران بپارێزێت بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لە خراپبوونی بارودۆخی سنوورەكان و دروستبوونی پشێوی و مەرجی دووەم ئەوەیە كە لێكنزیكبوونەوەی خۆی لەگەڵ واشنتندا بگۆڕێت بۆ دەستكەوتی ئابووری و دامەزراوەیی ڕاستەقینە نەك تەنها گرێبەستی ڕیكلامی و مەرجی سێیەمیش ئەوەیە كە پەیوەندییە هاوبەشەكەی لەگەڵ ڕیازدا بە جۆرێك بەڕێوەبەرێت كە پێگە هەرێمییەكەی بەهێز بكات بێ ئەوەی بیخاتە ناو شەڕێكی ڕاستەوخۆی كراوە لەگەڵ تاراندا
بەم شێوەیەش لە ئەنجامدا پاكستان گەڕایەوە بۆ لای ئەمریكا چونكە تێگەیشت كە چۆن گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپدا بكات و هەروەها چونكە شەڕی سەر ئێران نرخی پێگە جوگرافی و سیاسییەكەی ئەوانی بەرز كردەوە لە ساتەوەختێكی زۆر هەستیاردا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاكستان گەڕایەوە چونكە خودی هەرێمەكەش كەوتووەتە گەڕان بەدوای هێزگەلێكی نێوەندگیردا كە توانای بەستنەوەی هێڵە لێكدوورەكانیان هەبێت
وە ئەگەر ساڵانی ڕابردوو وێنەی پاكستانیان وەك دەوڵەتێك چەسپاندبێت كە لە نێوان قەیرانەكاندا هاتوچۆ دەكات و دەلەنگێت ئەوا مانگەكانی دوایی ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات خۆی وەك دەوڵەتێكی جومگەیی و جێگیر لە دووبارە پێكەوەنانەوەی هاوسەنگییەكانی ناوچەكەدا پێشكەش بكاتەوە بەڵام ئەم گەڕانەوەیە هەرچەندە سەرنجڕاكێشیش دەربكەوێت بە ناتەواوی دەمێنێتەوە مەگەر ئەوەی ئیسلام ئاباد سەركەوتوو بێت لە گۆڕینی ڕۆڵە دەرەكییەكەی بۆ سەقامگیرییەكی ناوخۆیی و لەوەشدا بسەلمێنێت كە نێوەندگیرییەكە تەنها ڕێگەیەك نییە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ترەمپ بەڵكو ڕێگەیەكە بۆ گەیشتن بە پێگەیەكی هەرێمی كە تێپەڕاندنی ئەستەم بێت
ئامادەكردنی/ ئاواز سەلیم