نەوا-
رۆژنامەی شەرق ئەل ئەوسەت رایگەیاندوە، كۆتاییهاتنی لوتكەی ناتۆ لە ئەنقەرە و تاوتێكردنی مەلەفە گەرمەكانی ناوچەكە و جیهان لوتكەی سی و شەشەمینی حەلفی باكوری ئەتڵەسی ناتۆ كە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بەڕێوەچوو بە فەرمی كۆتایی بە كارەكانی هێنا پاش ئەوەی كۆمەڵێك مەلەفی گرنگی سیاسی و سەربازی لە نێوان سەركردە بەشداربووەكاندا تاوتێكران.
رۆژنامەكە ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەندامانی ناتۆ لە كۆبونەوەكانیاندا جەختیان لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان كردەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی لە كەرتی غەززە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا هاوكات پرسی هێوركردنەوەی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران و سەقامگیركردنی دۆخی سووریا تەوەرێكی دیكەی سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان سەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بوو.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، یەكێك لە دیارترین دەرەنجامەكانی ئەم لوتكەیەش ڕەزامەندی سەرەتایی واشنتۆن بوو بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر كەرتی بەرگری توركیا و گەڕاندنەوەی ئەنقەرە بۆ پڕۆژەی فڕۆكە جەنگییەكانی F-35 بەو مەرجەی توركیا بە تەواوەتی دەستبەرداری سیستمی بەرگری موشەكی S-400 ڕووسی ببێت و ڕادەستی وڵاتێكی سێیەمی بكات كە ئەمەش لە لایەن ڕووسیاوە وەك بابەتێكی هەستیار لێكدرایەوە.
راشگەیەنراوە، لوتكەكە لە پشت پەردەی كۆبوونەوە رەسمییەكاندا چەندین دۆسیەی دیكەی بەجێهێشت كە بوونە جێی سەرنجی میدیاكان وەك پێشوازییە شاهانەكەی ترەمپ بە سەد سوارچاكی عوسمانییەوە و تێپەڕبوونی سەرۆك وەزیرانی یۆنان لە بەردەم مارشی عەسكەری كۆنی عوسمانیدا كە بووە هۆی تووڕەیی ئەسینا لەگەڵ پێشكەشكردنی دەمانچە و فیشەكی زیندوو لە لایەن ئەردۆغانەوە وەك دیاری بۆ سەركردەكان كە مشتومڕی یاسایی لە فڕۆكەخانەكاندا دروستكرد و لە كۆتاییشدا دەركەوتنی سەرۆك وەزیرانی ئایسلەندا كە بەهۆی سەرنجڕاكێشییەكەیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیادا دەنگدانەوەی گەورەی هەبو.