كۆنترین پاركی سروشتیی ئەفریقا دەكرێتە قوربانیی نەوت

30/05/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
پاركی ڤیرونگا، كە كۆنترین پاركی سروشتیی ئەفریقایە لە كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی بەهۆی كاری گەڕان بە دوای نەوتدا لەلایەن كۆمپانایی تۆتاڵی فەرەنسی-یەوە بەرەو لەناوچون دەچێت.
فلۆرانس سیتوامینیا لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و ژینگەپارێزیی كۆنگۆی دیموكرات بە میدیاكانی فەرەنسای راگەیاندوە، مەترسییەكی گەورە لەسەر دەوڵەمەندیی سروشتیی پاركی ڤیرونگا دروستبوە.
راشیگەیاندوە، كۆمپانیای نەوتیی تۆتاڵی فەرەنسی لە نزیك ڤیرونگا بە دوای نەوتدا دەگەڕێت، بۆیە مەترسی لەسەر پاركی سروشتیی ڤیرونگا دروستبوە، چونكە بەشێك لەو ناوچەیە، كە مۆڵەت بە كۆمپانیاكە دراوە تیایدا بۆ نەوت بگەڕێت، دەكەوێتە ناو پاركەكەوە.
كۆمپانیای نەوتیی تۆتاڵی فەرەنسی بەڵێنی ئەوەی داوە، كە لە ناو پاركی سروشتیی ڤیرونگا دا بە دوای نەوتدا نەگەڕێت، بەڵام ژینگەپارێزان نیگەرانی ئەوەن، كە بەهۆی پیسی و پاشەڕۆی سەرچاوەكانی نەوتەوە زیان بە ئیكۆ – سیستم و ژینگەی پاركەكە بگات، چونكە ئەگەر لەكاتی پرۆسەی گەڕان بە دوای نەوتدا چەمی سیملیكی لە ناو پارەكەكەدا بە ماددەی نەوتی پیس ببێت، ئەوا زیان بە هیدرۆگرافیا  (سەرچاوەكانی ئاو و رەگەكانی ئاوی) ناوچەكە دەگات.
هەروەها بە هۆی گەڕان بە دوای نەوتدا ناوكۆكیی ناوخۆیی لەو ناوچەیەدا دروستبووە و شەڕەكانیش زیادیان كردووە. بە كۆمەڵكوشتنی فیلەكانیش زیادیان كردووە.
پاركی سروشتی و نیشتمانیی ڤیرونگا رووبەرەكەی 7 هەزاو و 800 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە  و دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كۆماری دیموكراتیكی كۆنگۆ و هاوسنوورە لەگەڵ رواندا و پاركی نیشتمانیی شاژنە ئیلیزابێس لە ئۆگاندا، پاركی ڤیرونگا لە زنجیرە شاخەكانی ڤیرونگا بۆ زنجیرە شاخەكانی رانزۆر درێژ دەبێتەوە، لە ساڵی 1925ەوە وەك یەكەمین پاركی نیشتمانیی لە ئەفریقا تۆمار كراوە،  لە ساڵی 1979ەوە وەك بەشێك لە كەلەپوری مرۆڤایەتی لەلایەن یونسكۆوە تۆمار كراوە.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group