نەوا – دانیار فاروق
هەتا ئەم ساتە ئەو كەسەی كە بە شانسدارترین كەس ناوزەند دەكرێت لەسەرانسەری بەریتانیا، نەڕۆیشتووە خەڵاتەكەی وەربگرێت كە بڕەكەی 123 ملیۆن و 458 هەزار پاوەندی بەریتانییە.
رۆژی سێ شەممەی رابردوو لەمیانەی ئاشكراكردنی خەڵاتی یانسیبێك كە بەناوی یۆرۆ ملیۆن ناسراوە لە بەریتانیا، كەسێك خەڵاتەكەی بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا ئەو كەسە دیار نیەو نەڕۆیشتووە تا ئەو خەڵاتە زۆرەی بۆری دەرچووە وەریبگرێت.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لە ناوەندە میدیاییەكان و شەقامی بەریتانی، بەجۆرێك دەپرسرێت ئاخۆ ئەو كەسە یان ئەو گرووپەی ئەو خەڵاتەیان بۆ دەرچووە، ئاخۆ پێیانزانیوە كە بوونەتە خاوەنی ئەو خەڵاتە یاخود نا؟.
لای خۆیانەوە دەزگای كامیلۆت كە سەرپەرشتیكەری بەڕێوەبردنی ئەو یانسیبەن داوایان لەو كەسانە كردووە كە بلیتی یانسیبەكەیان كڕیووە، چەند جارێك چێكی بلیتەكانیان بكەنەوە، بەڵكو خاوەنی یانسیبەكە دەربكەوێت و بێت خەڵاتەكەی وەربگرێت.
جێی ئاماژە بۆكردنە ئەمساڵ ئەوە چوارەم جارە خەڵاتی یۆرۆ ملیۆنز لە بەریتانیا رادەكێشرێت و تا ئێستا سێ كەس خەڵاتەكەیان بردووە بەڵام چوارەم كەس تا ئێستا دیار نیە بڕوات وەریبگرێت.