نرخی نەوتی خاو بەرزبونەوەیەكی بەرچاوی تۆماركرد

11/07/2019 جیهان

نەوا
بەهۆی چۆڵكردن و وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەكۆكانی كەنداوی مەكسیك و ئەو روداوەی تووشی كەشتیە نەوتهەڵگرەكەی بەریتانیا بوە، نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوەوە و یەك بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە سەروو 67 دۆلار.
بەپێی راپۆرتە ئابورییە جیهانییەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوەتەوە و یەك بەرمیلی برێنت 3 دۆلاری چوەتەسەر و بەرانبەر 67 دۆلار و 41 سەنت دەفرۆشرێت.
هەروەها بەرمیلێك خاوی نایمێكسی ئەمریكی بەرانبەر 60 دۆلار و 79 سەنتە و یەك بەرمیل خاوی رێكخراوی ئۆپێكیش بە 66 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.
شارەزایان هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەو شێوەیە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە بەرهەمهێنەرانی نەوت لە سەكۆكانی كەنداوی مەكسیك پرۆسەكەیان بەهۆی زریان و شەپۆلەكانی زەریای ئەتڵەسی لەم وەرزەدا راگرتوە، هەروەها نەوتی عەمباركراوی ئەمریكا 9 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل كەمیكردوە، سەرەڕای روداوی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتییەكەی بەریتانیا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە گەروی هورمز.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group