ئێران ئامادەكاری بۆ جەنگ دەكات

13/08/2019 جیهان

نەوا
رۆژنامەیەكی بەریتانی لە راپۆرتێكدا باس لەوەدەكات، ئێران 14 سەربازگەی تایبەت بە مەشق و راهێنان ئامادەكردوە بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ سەر ئامانجەكانی وڵاتانی رۆژئاوا.
رۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی لەزاری چالاكوانە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانەوە بڵاویكردۆتەوە، ئێران لەرێگەی 14 سەربازگەكەوە لەناوخۆی وڵاتەكەی راهێنان بە چەكدارانی خۆی دەكات بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی رۆژئاوا، لەكاتی دروستبونی مەترسی لەسەر تاران.
بەپێی زانیارییەكان هەشت بنكەی ئەم سەربازگانە دەكەونە تارانی پایتەخت، بنكە سەربازییەكانی دیكەش دەكەونە ناوچەی ئەهواز و ئەبادان و پارێزگای خۆراسان.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردوە، ئەو بنكە سەربازییانە لەسەر روبەری 10 هێكتار زەوی دروستكراون و لەژێر چاودێری سوپای پاسدارانی ئێرانیدایە.
ئەو هەنگاوەی ئێران دوای ئەو ناكۆكیانە دێن كە لەنێوان ئێران و دەوڵەتە رۆژئاواییەكاندا دروستبوە بەهۆی كێشەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی، پاش ئەوەی ئەمەریكا لەساڵی 2018 كشایەوەو چەندین سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاند.
لەئێستاشدا بەپێی هەواڵی ئاژانسەكانی جیهان، پێنتاگۆن بڕیاریداوە كەشتیگەلی جەنگی ئەبراهام لینكۆڵن بگەڕێنێتەوە ئاوەكانی كەنداوی عەرەبی و هاوكات گەیشتۆتە ئەو ناوچەیە، بەڵام هێشتا نەچۆتە ناو گەرووی هورمز.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group