پرۆفیسۆرێك دەڵێت: خواردنی شەكر مەترسیی توشبون بە شێرپەنجە زیاد دەكات

پێش 4 هەفتە هەمەڕەنگ

نەوا
پڕۆفیسۆر دكتۆر مستەفا شاهین مامۆستای كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی ئەنقەرە دەڵێت، ئەو شەكرەی دەكرێتە خواردەمەنییەكانەوە، ئەو خواردنەوانەی شەكریان تێدایە، كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكەن.
پڕۆفیسۆر دكتۆر مستەفا شاهین لەلێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا لێكۆڵینەوەكانی ئەمدواییە دەریانخستوە ئەو خواردنەوانەی شەكریان تێدایە دەبنەهۆی كێشەی گەورەی تەندروستی و بەتایبەت لە 20 ساڵی دواییدا بەكارهێنانی شیری گەنمەشامی كە بڕێكی زۆر فروكتۆزی تێدایە، لەگەڵ شەكردا زۆر بەخێرایی زیادیكردووەو وتی "بەتایبەت ئەو رێكلامانەی بەكارهێنانی شەربەتی میوەو خواردنەوە گازییەكان بەتەندروست نیشان دەدەن، بەكارهێنانی ئەو بەرهەمانەی لەنێو منداڵان و گەنجاندا زۆر خێرا كردووە. لێكۆڵینەوەكان سەلماندوویانە بەكارهێنانی شەربەت و خواردنەوە گازییەكان دەبێتە هۆی قەڵەوی، كێشەی ئینسولین و نەخۆشیی شەكرە. بەتایبەت دەركەوتووە كە بەكارهێنانی رۆژانەی خواردنەوە شەكراوییەكان مەترسیی گیانلەدەستدان زیاتر دەكات".


پڕۆفیسۆر دكتۆر مستەفا شاهین هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە بەكارهێنانی شەكر دەبێتە هۆی برەودان بەنەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم و بەرگریی ئینسولین و هەندێك جۆری شێرپەنجەو ئەمە لەدوایین لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووەو وتیشی "بەپێی ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەBritish Medical Journal دا بڵاوكراوەتەوە، بەكارهێنانی رۆژانەی شەكر دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی زیاتری شێرپەنجە".


پڕۆفیسۆر دكتۆر مستەفا شاهین مامۆستای كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی ئەنقەرە، راشیگەیاند، توێژینەوەكە لەسەر نزیكەی 100 هەزار كەس بۆماوەی 9ساڵ ئەنجامدراوەو دەرەنجامەكەی ئەوەی نیشانداوە، بەكارهێنانی بڕی 100 ملیلیتر لە خواردنەوەی شەكراوی، ئەگەری تووشبوون بەهەموو جۆرەكانی شێرپەنجە بەڕێژەی سەدا 18و شێرپەنجەی مەمك بەڕێژەی 22% زیاد دەكات، لەبەرئەوە پێویستە رەچاوی بەكارهێنانی شەربەتی میوەی ئامادەكراویش بكرێت، چونكە دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی شێرپەنجە، هەروەها توێژینەوەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر بڕی شەكری بەكارهێنراو زیاد بكرێت، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەش خێراتر دەبێت و كەمكردنەوەی شەكریش یەكێكە لە گرنگترین هۆكارەكانی كەمكردنەوەی مەترسیی شێرپەنجە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group