هەڵەیەكی تەكنیكی تۆماری كەسێتی دانیشتوانی وڵاتێكی ئاشكراكرد

16/09/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
بەهۆی هەڵەیەكی تەكنیكییەوە لە ئامادەكردنی بنەماكانی تۆماری ئەلیكترۆنی، تۆماری مەدەنی دەوڵەتی ئیكوادۆر ئاشكرا دەبێت و هەموو زانیارییەكانی زۆرینەی دانیشتوانی وڵات دەكەوێتە بەردەستی پسپۆڕانی بواری تەكنەلۆژیا.
كەس هەستی بە دزەكردنی ئەو زانیاریانە نەكردبو، تا لێكۆڵەرەوەكانی بواری ئەمنی كۆمپانیای "vpnMentor" بەدواداچونیان كردوە و كێشەكەیان بۆ دەركەوتوە.
ماڵپەڕی "زی دی نێت" پسپۆڕ لە هەواڵی تەكنەلۆژی ئاماژەی بەوەكردوە، تۆماری زانیارییە دزەپێكراوەكە، داتاكانی نزیكەی 20 ملیۆن و 800 هەزار دانیشتوی ئیكوادۆری تێدایە، كە ئەوەش زۆرینەی رەهای دانیشتوانی وڵاتەكە دەگرێتەوە لە پاڵ ئەو كەسانەشی كۆچی دواییان كردوە.
تۆمارەكە ناوی تەواوەتی هاووڵاتی، رۆژی لەدایكبون، شوێنی لەدایكبون، ناونیشانی شوێنی نیشتەجێبون، دۆخی كۆمەڵایەتی، ژمارەی ناسنامەی نیشتمانی، زانیاری كار، ژمارەی مۆبایل و ئاستی خوێندەواری لە خۆی دەگرێت.
هەروەها تۆمارەكە، زانیاری نوێی ئەمساڵیشی تێدایە، سەرەڕای تۆماری تایبەت بە سەرۆك وڵات و تەنانەت جۆلیان ئاسانج دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكیلیكس، كە پێشتر لەلایەن ئیكوادۆرەوە مافی پەنابەری سیاسی پێدرابو، بەهۆیەوە ژمارەی كارتی نیشتمانیشی وەرگرتبو.
هەر لەنێو زانیارییەكاندا، داتای دارایی 7 ملیۆن تۆمار دزەی پێكراوە، سەرەڕای 2 ملیۆن و 500 هەزار زانیاری ورد لەبارەی خاوەن ئۆتۆمبێل و دامەزراوەی بیمەی كۆمەڵایەتی و هەژماری بانكی و كار و فەرمانی خاوەنەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group