مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێك بۆ گۆڕینی دیموگرافیا لە باكوری سوریا رەتدەكەینەوە

18/10/2019

نەوا
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، هەر پێشهات و گۆڕانكارییەك كە ببێتە هۆی گۆڕینی دیموگرافی باكوری سوریا رەتیدەكەینەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رۆژی هەینی لەگەڵ ژان ئێڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبوەوە و دوا گۆڕانكاریەكانی عێراق و سوریایان تاوتوێ كرد.
بەپێی راگەیەنراوێك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستوەتەسەر پرۆسەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی و وتویەتی،  هەموو ئامادەییەكیان دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە گەڵ بەغدا و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پێشنیاریان خستووەتە ڕوو، بۆیە ئومێدەوارن حكومەتی فیدراڵیش هەنگاوی زیاتر و جددیتر بهاوێژێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور .
لە بارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان و باكووری رۆژهەڵاتی سوریاش، هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە گرژبوونی بارودۆخەكە و دروستبوونی تووندوتیژی دەربڕی كە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زۆری خەڵك لەو ناوچانە و بەشێكێشیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. جەخت لەوە كرایەوە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات لە یارمەتیدان و لە خۆگرتنی پەنابەر وئاوارەكان.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ وەستاندنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرێكن كە لە بەرژەوەندی دانیشتووانی ناوچەكە بێت و ، هەر پێشهات و گۆڕانكارییەكیش ببێتە هۆی گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچەكەدا رەتیدەكەینەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group