واتساپ سكاڵای لەسەر كۆمپانیای ئینتەرنێتی ئیسرائیل تۆماركرد

30/10/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
تۆڕی پەیوەندی كۆمەڵایەتیی واتساپ، سكاڵای لەسەر كۆمپانیای چاودێری ئینتەرنێتی ئیسرائیلی NSO Group تۆمار كرد بە پاساوی بەكارهێنانی خزمەتگوزاری پەیام گۆڕینەوە بۆ خزمەتی سیخوڕیكردنی بەرفراوان.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی، واتساپ سكاڵایەكی گەیاندۆتە دادگای فیدڕاڵی، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە كە NSA Group لە رێی واتساپ-ەوە چاودێری هەزار و 400 كەسی لە 20 وڵاتدا كردوە، كە زیاتر لە 100 رۆژنامەنوس و چالاكی مافی مرۆڤی تێدایە.
بەرپرسانی واتساپ ئاماژە بەوە دەكەن ئەو بەكارهێنەرانە، كە تەلەفۆنەكانیان هاك كراوە، بە پەیامێكی تایبەت ئاگاداركراونەتەوە و لە سكاڵاكەی دادگای ناوچەی باكوری كالیفۆرنیای ئەمریكادا داوایان كردوە بەكارهێنانی خزمەتگوزارییەكەیان لەNSO Group  بۆ هەمیشەیی قەدەغە بكرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لە هەر كوێیەكی جیهان بێت، بۆ دڵنیابوون لە پێشێلنەكردنی ئازادی و مافەكانی تاكەكان، دەبێت چەكی ئینتەرنێتی (سایبەر) بەشێوەیەكی یاسایی و بە بەهێزی چاودێری بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group