توێژینەوەیەك پەیوەندیی نێوان جگەرەكێشان و چرچبونی پێست دەسەلمێنێت

02/11/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
لە توێژینەوەی زانكۆیەكی بەریتانی دەركەوتوە جگەرەكێشان كاریگەریی لەسەر چرچبونی پێستی دەموچاوی مرۆڤ هەیە، بەنیازن توێژینەوەیەك لەسەر كاریگەریی خواردنەوە كحولییەكانیش لەسەر دەموچاو بكەن.
زانكۆی بریستۆڵ-ی بەریتانی توێژینەوەیەكی لەسەر 18 هەزار كەس ئەنجامداوە، دەركەوتووە، ئەو كەسانەی جگەرە زۆر دەكێشن، چرچیی دەموچاویان زیاددەكات و پێستیان زووتر پیر دەبێت لەو كەسانەی جگەرە ناكێشن.
توێژەرانی زانكۆكە دەڵێن، یەكێك لە هۆكارەكانی زوو پیربونی پێست بۆماوەییە، بەڵام شێوازی ژیانی كەسەكانیش كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر چرچبونی پێست، كە جگەرەكێشان یەكێكە لەو هۆكارەنە.
بەپێی توێژینەوەكە، جگەرەكێشان دەبێتە هۆی كەمبونەوەی چالاكیی سوڕی خوێن، ئەمەش كاریگەریی لەسەر پێست دەبێت، چونكە رەنگە پێستی ئەو كەسانەی زۆر جگەرە دەكێشن، ئۆكسجینی تەواو و هەندێك كانزای وەك ڤیتامین ئەی بۆ نەچێت، بەمەش چرچیی پێست دروستدەبێت.
توێژەرانی زانكۆكە دەشڵێن، بۆی هەیە خواردنەوە كحولییەكانیش كاریگەرییان لەسەر پێست هەبێت، لە داهاتودا توێژینەوە لەسەر ئەوەش دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group