ئەمریكا لێكۆڵینەوە لە چۆنێتیی بەكارهێنانی چەكە فرۆشراوەكانی بە توركیا دەكات

07/11/2019 جیهان

نەوا
ئەمریكا لێكۆڵینەوە لە پابەندنەبونی توركیا بە رێككەوتنەكانی نێوانیانەوە دەكات لەبارەی فرۆشتنی چەك و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەنقەرە چەكی ئەمریكیی بۆ گروپە هاوپەیمانەكانی لە سوریا گواستبێتەوە و ئەوانیش تاوانی جەنگیان پێئەنجامدابێت.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردۆتەوە، گروپەكانی سەربە توركیا تاوانی جەنگیان بەرانبەر بە كوردانی سوریا ئەنجامداوە، توركیاش ئۆپەراسیۆنەكانی فراوانتر كردوە، ئەو هەنگاوانەش پێشێلكردنی ئەو رێككەوتنانەیە، كە پێشتر لەنێوان ئەمریكا و توركیادا كراون.
لای خۆیەوە كۆلۆنێل كارلا گیلسۆن وتەبێژی پێنتاگۆن لەلێدوانێكیدا بۆ سی ئێن ئێن، رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باس لە پابەندنەبوونی توركیا بە رێككەوتنەكانەوە دەكەن، متمانەپێكراون.
بەرپرسێكی دیكەی پێنتاگۆن بەهەمانشێوە رایگەیاندوە، حكومەتی ئەمریكا پێیوایە ئەو قسانەی لەبارەی پابەندنەبونی توركیا بە رێككەوتنەكانی چاودێریكردنی بەكارهێنانی چەك دەكرێت، قسە و راپۆرتی متمانەپێكراون، ئەوەش وای لە پێنتاگۆن كردوە لێكۆڵینەوە بكات.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن باسی لەوەش كردوە، یەكێك لەو پێشێلكارییانەی توركیا كردویەتی، گواستنەوەی چەكی ئەمریكییە بۆ گروپە سورییەكانی هاوپەیمانی ئەنقەرە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group