روسیا گەورەترین ئابڵوقەی وەرزشی دەخرێتەسەر

09/12/2019 وەرزش

نەوا
لیژنەی تەنفیزیی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕكردنی مادەی وزەبەخش بەكۆی دەنگ بڕیاری دا روسیا لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەكانی جیهان بۆ ماوەی چوار ساڵ دوربخاتەوە.
رۆژی دووشەممە، لیژنەكە لە شاری لۆزانی سویسرا كۆبۆوە و راسپاردەكانی لیژنەی پێداچونەوەی پابەندبونی سەربە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕكردنی مادەی وزەبەخش تاووتوێكرد و بڕیاری دا بۆ ماوەی چوار ساڵ نەهێڵن هیچ وەرزشكارێكی روسی بەشداری لە ئۆڵۆمپیاددا بكات، چونكە دەستكاری نوسراو و پەڕاوەكانی تاقیگەی مۆسكۆ بۆ بنبڕكردنی مادەی وزەبەخش كراوە.
بەگوێرەی بڕیارەكە، روسیا بێبەش دەبێت لە میوانداریكردنی هەر پاڵەوانێتییەكی وەرزشیی جیهانی، هەروەها وەرزشكارەكانی ناتوانن بەشداری هەردوو ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ 2020 و پارائۆڵۆمپی 2022ی پەكین بكەن و ئاڵای روسیا بەرزبكەنەوە.
هەروەها بڕیاردراوە ئابڵوقە بخرێتەسەر لیژنەی ئۆڵۆمپی و لیژنەی پارائۆڵۆمپی روسیا بۆ ماوەی چوار ساڵ، بەڵام مۆسكۆ دەتوانێت لەبەردەم دادگای ناوبژیوانیی وەرزشی "كاس" تانە لە بڕیارەكان بدات.
بەگوێرەی هەواڵی كەناڵی بی بی سی بەریتانی، ئەو وەرزشكارانەی روسیا كە بتوانن بیسەلمێنن مادەی وزەبەخشیان بەكارنەهێناوە، دەتوانن لە ژێر ئاڵایەكی بێ لایەندا بەشداری لە ئۆڵۆمپیاددا بكەن.
ئەو بڕیارە توندانە پاش ئەو تۆمەتانە دێت، كە ئاراستەی روسیا كراون بەوەی دەستكاری ئەنجامی پشكنینی مادەی وزەبەخشی كردوە و ئەنجامەكانیش بە ساختەكراوی لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2019دا رادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕكردنی مادەی وزەبەخش كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group