لە 1-1-2020ەوە واتساپ لەسەر هەندێك جۆری مۆبایل كارناكات

10/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
كۆمپانیای واتساپ لە چەند رۆژی كەمی داهاتودا ماڵئاوایی لە چەندین ملیۆن مۆبایل دەكات و چیتر خاوەنەكانیان ناتوانن بەكاریبهێنن.
سەرچاوەیەكی كۆمپانیاكە بە رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی وتوە، ئەپلیكەیشنی واتساپ بۆ پەیوەندیكردن زیاتر لە ملیارێك كەس لە سەر گۆی زەوی بەكاریدەهێنن، بەڵام ئیتر لەسەر هەندێك جۆری مۆبایلی پرۆگرامی ویندۆز، یاخود ئەپڵ و ئەندرۆید كارناكات.
خودی كۆمپانیاكەش لە بەیاننامەیەكدا رونیكردوەتەوە، بەكارهێنەرانی مۆبایلی خاوەن سیستمی -ویندۆز فۆن- لە پاش 31ی ئەم مانگەوە كارناكەن.
هەروەها ئەو كەسانەی مۆبایلەكانیان سیستمی ئەندرۆید 2.3.7ی لەسەرە یاخود سیستمەكانی پێش ئەوەش ناتوانن لە 1-1-2020ەوە واتساپ بەكاربهێنن یاخود هەژماری نوێ بكەنەوە. هەمان رێگری بۆ خاوەن مۆبایلەكانی ئایفۆن "سیستمی ئای ئۆ ئێس 8" و پێش ئەوەش دروستدەبێت.
بەگوێرەی هەندێك داتا، 0.3 لەسەدی ئامێرەكانی سیستمی ئەندرۆید تائێستا بە سیستمە كۆنەكە كاردەكەن، كە دەكاتە نزیكەی شەش ملیۆن مۆبایلی سمارت و ئایپاد.
رۆژنامە ئینگلیزییەكەش ئامۆژگاری بەكارهێنەرانی واتساپ دەكات كۆپییەك لەو گفتوگۆ و داتایانەی ناو واتساپەكەیان هەڵبگرن نەوەك هەمووی بسڕێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group