سلێمانی.. چوار كەس بەتۆمەتی‌ فێڵكردن لە ژمارەیەك شۆفێری‌ تەكسی‌ دەستگیركران

18/12/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، چوار كەسیان بەتۆمەتی‌ فێڵكردن لە ژمارەیەك شۆفێری‌ تەكسی‌ دەستگیركردوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لەبڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، گروپێكی‌ ساختەكار كەلوپەلی‌ شكاو و فڕێدراویان خستوەتە ناو كارتۆنەوە و لە شێوەی‌ پۆستدا لە رێی‌ ژمارەیەك شۆفێری‌ تاكسییەوە رەوانەی‌ شارەكانی‌ (كەلار، هەولێر، رانیە)یان كردبو، لەبەرانبەردا بڕی‌ 700 هەزار بۆ یەك ملیۆن دیناریان لە شۆفێرەكان وەرگرتوە، بەپاساوی‌ ئەوەی‌ ئەو كەسەی‌ كاڵاكەی‌ بۆ دەبەن پارەكەیان دەداتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا تۆمەتبارەكان گروپێك بون ‌و پێكەوە كاریان كردوە و هیچ بڕە پارەیەكیان نەداوەتەوە بەشۆفێرەكان.
پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن شۆفێرەكان ‌و دوای‌ چاودێریكردن ‌و كۆكردنەوەی‌ زانیاری‌ ورد لەسەر تۆمەتباران، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ تاسڵوجە توانیان ئەندامانی گروپەكە دەستگیربكەن، كە لە چوار كەس پێكهاتبون.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رونیشیكردوەتەوە، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری‌ لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لەیاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ بەندن، یەكێك لە تۆمەتبارەكانیش لە بنكەكانی پۆلیسی (دوكان، حاجیاوا، چوارچرا)و بەشی نەهێشتنی تاوانی كەلار فەرمانی دەستگیركردنی هەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group