"مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش راگیراوه‌"

06/01/2020

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "بڕیاری راگرتنی مه‌شق و راهێنانی هاوپه‌یمانان هێزی پێشمه‌رگه‌شی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ شتێك له‌باره‌ی راگرتنی ئه‌و هاوكارییه‌ داراییه‌ نه‌وتراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ره‌وانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت".
عوسمان كه‌ریم سواره‌ جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، هه‌ر له‌ رۆژی دروستبوونی ئاڵۆزییه‌كه‌ی به‌غدا مه‌سق و راهێنانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عیراق راگیراو بڕیاره‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌شی گرته‌وه‌و ئه‌وه‌ش پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق بوو له‌باره‌ی ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ خاكی عیراق و ناشزانین تاكه‌ی راگرتنی مه‌شقه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
باسی له‌وه‌شكرد، به‌ڵام تائێستا هیچ شتێك له‌باره‌ی راگرتنی ئه‌و هاوكارییه‌ داراییه‌ نییه‌ كه‌ ره‌وانه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت بیزانین ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌عیراق و سه‌رجه‌م بڕیاره‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ واژوو ده‌كرێت، هه‌ر بڕیارێك بۆ عیراق بدرێت هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، هاوپه‌یمانان له‌ ئێستادا كاروچالاكییه‌كانیان وه‌ستاندووه‌و ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ش له‌ به‌رژوه‌ندی چه‌كدارانی داعشه‌، مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی چالاكتر له‌وه‌ی كه‌ له‌ رابردوو هه‌بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group