راگرتنی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌

12/01/2020

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت: "پێم وانییه‌ به‌غدا كێشه‌ بۆ ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دروستبكات"، راشیده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا له‌ 17 بۆ 25 مانگ مووچه‌ دابه‌شده‌كات و له‌و واده‌یه‌ش پاره‌ی مووچه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات. 
شیرون میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، پرسی ناردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌غدا له‌ناو پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020ی عیراق رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌و تا ئێستا پرۆژه‌ یاساكه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، هه‌ركات یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا ئه‌وكات ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی راده‌ستی حكومه‌تی عیراق بكات و له‌ به‌رانبه‌ردا له‌ بودجه‌ی عیراق ئیستحقاقاتی خۆی وه‌رده‌گرێت.
ئه‌وه‌شی وت: "سه‌باره‌ت به‌ نه‌ناردنی ئه‌و به‌شه‌ مووچه‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت حكومه‌تی عیراق له‌ 17 بۆ 25ی مانگ مووچه‌ دابه‌شده‌كات و له‌و واده‌یه‌ش پشكی هه‌رێمی كوردستانی ره‌وانه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌م مانگه‌ش كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ساڵی نوێ پێویسته‌ به‌یاسای ساڵی 2019 كاربكات و به‌وه‌ش ده‌بێت تا په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ی به‌یاسای یه‌ك له‌سه‌ر 12 كاربكات".
ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق جه‌ختی له‌وه‌شكردوه‌، تا ئێستا پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌ تا بوترێت له‌ به‌رئه‌وه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌ یاخود له‌به‌ر چی ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ 17 بۆ 25 ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی دابه‌شكردنی مووچه‌ی له‌پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ی بانكی ناوه‌ندی له‌ هه‌ولێر بكرێت، وتیشی: "پێم وانییه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ هه‌بێت و پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت". 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group