لەسەر بەكارهێنانی خزمەتگوزاری هواوی ئەمریكا هۆشداری دەداتە بەریتانیا

15/01/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
مات پۆتینگەر راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، هۆشداری دەداتە بەرپرسانی بەریتانیا لە بەكارهێنانی خزمەتگوزاریی تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەم (5G)ی كۆمپانیای هواوی چینی.
لە هەواڵێكی كەناڵی BBCدا ئاماژە بەوەكراوە، شاندەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی پۆتینگەر لەگەڵ بەرپرسە بەریتانییەكان كۆبوەتەوە، لەكۆبونەوەكەدا بە بەرپرسانی بەریتانیایان راگەیاندوە بەكارهێنانی خزمەتگوزاری تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەم (5G)ی كۆمپانیای هواوی چینی "سەركێشییە".
هەروەها شاندە ئەمریكییەكە لە كۆبونەوەكەدا دۆسیەیەكی تایبەتیان رادەستی بەرپرسانی بەریتانیا كردوە، كە تێیدا چەند زانیارییەكی تەكنەلۆژی لەخۆگرتوە.
لەلایەن خۆیەوە كۆمپانیای هواوی لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت "ئێمە كۆمپانیایەكی تایبەتین، كە ماوەی 15 ساڵە خزمەتگوزاری نەوەی سێیەم و چوارەم بۆ كۆمپانیاكانی پەیوەندی بەریتانی تەرخاندەكەین. پسپۆڕە ئینگلیزەكانیش دڵنیایی تەواویان هەیە لەسەرئەوەی تەكنەلۆژییەكەمان هیچ مەترسییەكی ئەمنی لەسەرنییە".
پێشتر ئەمریكا، هۆشداری دابوە بەریتانیا بەوەی لە ئەگەری بەكارهێنانی خزمەتگوزاری تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی كۆمپانیای هواوی چینی، ئەوا ئەمریكا پێداچونەوە بە هەماهەنگی هەواڵگرییەكانیان لەگەڵ بەریتانیا دەكاتەوە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی ئەمریكا، ئەندرو پاركەر سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا MI5 لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی Financial Times ی بەریتانی دەڵێت "هیچ هۆكارێك نییە بۆ كارتێكردنی نەرێنی لەسەر ئاڵوگۆڕە هەواڵگرییەكانی نێوان بەریتانیا و ئەمریكا لە ئەگەری بەكارهێنانی خزمەتگوزاری تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەم 5Gی كۆمپانیای هواوی چینی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group