وەزیری رۆشنبیری: ساڵانە 13 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە هەرێمدا رێكدەخرێن

02/02/2020 هەمەڕەنگ

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ساڵانە 13 فێستیڤاڵ لە هەرێمدا رێكدەخرێن و بەسەر شارو شارۆچكەكاندا دابەشكراون.
ئەمڕۆ حەمەی حەمە سەعید لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەمەبەستی ئامادەسازی بۆ ئەو چالاكی و فێستیڤاڵانەی لە پارێزگاكە رێكدەخەن كۆبوەوە و دواتر لەپرێس كۆنفرانسێكدا وتی "لەكۆبونەوەكەدا باس لە رێكخستنەوەی سەرجەم فێستیڤاڵەكان كرا، كە سروشتی نێودەوڵەتییان هەیە، چونكە لەئێستادا 13 فێستیڤاڵە و بەسەر شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشكراون و رێكدەخرێن".
وتیشی "ساڵانی رابردو پەلەكردن لە ئەنجامدانی ئەو چالاكیانە هەبوە، بۆیە ئەمڕۆ رێنمایی و یاساكانی وەزارەتمان گەیاندە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سەربە رۆشنبیری بۆئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ ئەو چالاكیانەی لەداهاتودا رێكدەخرێن". 
وەزیری رۆشنبیری رونیكردەوە، دوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە سلێمانی هەن، ئەوانیش فێستیڤاڵی میوزیك و گۆرانی لەگەڵ ئەدەب لە مانگی 10 رێكدەخرێن، بەڵام بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سەرپشككراوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی كاتەكەیان، چونكە لە یەك مانگدا ئەنجامدەدرێن، تێچوی فێستیڤاڵەكانیش لەلایەن حكومەتەوە دابین دەكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group