یەكەم پاڵەوانێتی بەهۆی كۆرۆناوە دواخرا

03/02/2020 وەرزش

نەوا
بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین و نزیكەی 20 وڵاتی جیهان، یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا بڕیاری دا جامی ئاسیا بۆ تۆپی پێی ناو هۆڵ (فوتساڵ) لە توركمانستان دوابخات.
هەرچەندە بڕیاربو لە رۆژی 26ی ئەم مانگەدا جامی ئاسیا بۆ فوتساڵ لە عشق ئاباد دەستپێبكات و تا 8ی ئادار بخایەنێت، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا رونكردنەوەیەكی بڵاوكردوەتەوە و هۆكاری دواخستنی پاڵەوانێتییەكەی بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەڕاندوەتەوە.
لە رونكردنەوەكەدا باس لەوەدەكات، كە یەكێتیی تۆپی پێی وڵاتانی بەشداری پاڵەوانێتییەكەی لە دواخستنەكە بە نوسراوی فەرمی ئاگاداركردوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان پێشهاتەكانی تاووتوێكردوە و لەبەر سەلامەتی هەموولایەك بڕیاری دواخستنەكەی دەركردوە.
لە پاڵەوانێتییەكەدا 16 هەڵبژاردە بەشداری دەكەن و بەسەر 4 گروپدا دابەشكراون.
گروپی یەكەم: عوممان، ڤێتنام، تاجیكستان و توركمانستانی خاوەن یاریگا.
دووەم: لوبنان، كوێت، ژاپۆن و قیرغیزستان.
سێیەم: بەحرێن، ئۆزبەكستان، چین و ئیندۆنیسیا.
چوارەم: سعودیە، تایلەند، كۆریای باشور و ئیرانی خاوەن نازناوی خولی پێشو.
پێنج یەكەمەكەی پاڵەوانێتییەكەش، دەگەنە جامی جیهانیی فوتساڵ، كە بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە لیتوانیا رێكبخرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group