ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی: رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا به‌بێ كێشه‌ جێبه‌جێده‌كرێت

04/02/2020

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ شاندی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكاته‌وه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ گفتوگۆ بكرێته‌وه‌ له‌باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "پێم وایه‌ رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا به‌بێ كێشه‌ جێبه‌جێده‌كرێت".  
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت شاندی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیری نوێی عیراق بكاته‌وه‌و گفتوگۆ له‌باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا بكرێته‌وه‌، ناكرێت حكومه‌ت گۆڕانكاری تێدا بكرێت و ئاگادار چۆنێتی رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بێت چونكه‌ ئه‌م كابینه‌ی حكومه‌ت زۆربه‌ی وه‌زیره‌كانیش ده‌گۆڕدرێن به‌وه‌ش ده‌بێت جارێكی دیكه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێت.
وتیشی: "پێش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق دانیشتنمان كردووه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتارانی پێنج حزبی كوردی به‌ڕووی ئاشكرا وتویه‌تی هیچ كێشه‌م له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نییه‌".
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق باسی له‌وه‌شكرد، "پێم وایه‌ رێككه‌وتن ده‌كرێت له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غداو هیچ كێشه‌یه‌ك دروست نابێت چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق كه‌سێكی نزیك له‌ كورده‌و جگه‌ له‌وه‌ش كێشه‌ی زۆر له‌ عیراق هه‌یه‌ پێی ناچێت ده‌رگای دروستبوونی كێشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش بكاته‌وه‌و كێشه‌كانی زیاتر بكات".  

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group